کفری
هەینی و پشوو بە فرسەت دەزانن و خانووە کەلەپوورییەکان دەڕووخێنن
میلاد جەلال – گەرمیان
چالاکوانانی شوێنەوار و خەڵکی کفری ئەمڕۆ ھەینی گردبوونەوە و نیگەرانن لەوەی ماوەی دوو ھەفتەیە لەسەریەک لە رۆژی ھەینی، خانووە کەلەپوورییەکان دەڕووخێندرێن و دەڵێن، “ئەمە سڕینەوەی مێژووی ئەم شارەیە”.
ھەڵمەت عەبدولعەزیز، دانیشتوویەکی قەزای کفرییە و بە 964ى وت، “کەسانێک فێر بوون لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان ھەستاون بە رووخاندنی خانووە کەلەپوورییەکانی کفری، کارەکەش لە رۆژانی ھەینی و کاتی نەبوونی دەوام، بەبێ حسابکردن بۆ لایەنی پەیوەندیدار و لیژنە ئەمنییەکان کارەکەیان دەکەن”.
“ئەمە خەڵکی کفری زۆر نیگەران کردووە، دەستبردن بۆ رووخاندنی ئەو خانووە کەلەپوورییانە واتە سڕینەوەی مێژووی ئەم شارە، ئەو خانووانە تەمەنیان لە سەرووی 150 ساڵەوەیە”، ھەڵمەت عەبدولعەزیز وای وت.
عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری بە 964ى وت، “ئەو خانووەی رووخێندراوە دەکەوێتە گەڕەکی باوەشاسوار، لە رۆژانی ھەینی رووخاوە و دەوام نەبووە”.
“رووخاندنی ھەر بینایەک پێویستی بە مۆڵەتی شارەوانی ھەیە، ئەمە جگە لەوەی خانووی کەلەپوورییە و رێگا بە رووخاندنی نادرێت، پرس بە شارەوانیش نەکراوە و بەبێ ئاگاداری ئێمە رووخێندراوە”، عوبێد محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، خاوەنەکەی خانووەکەی رووخاندووە ئێمەش نازانین کێیە، وەک شوێنەواری کفری دوای دۆزینەوەی خاوەنەکەی، سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین .
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا