سەر پردی سەیداوە رۆژانی هەینی داخراوە
بزن و بولبول و كۆتر و مەیمونیشی لێیە
ئەحمەد شەمزین
دیمەنی سەر پردی سەیداوە لە رۆژانی هەینی جیاوازە لە رۆژانی دیکە، رێگای چوون بۆ لای نەخۆشخانەی مانگی سوور داخراوە و ئەوەی هەیە تەنیا یەك ئۆتۆمبێل دەتوانێ پێیدا بڕوات، سایدەکەی دیکەش بە هەمان شێوەیە و بۆی هەیە بە سەعاتێک لەوێ دەرنەچیت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەموو هەینییەک سەر شەقامەكە دەبێتە شوێنی فرۆشتنی (كۆتر، مریشك، مەیمون، بزن و كەروێشك و كەڵەشێر)، هەروەها پێداویستی دیکەی ماڵ و شتی جۆراوجۆری لێدەفرۆشرێت.
بەڕێوەبەری شارەوانیی یەكی هەولێر ئارام رەسوڵ، بۆ 964 وتی، ماوەی پێنج ساڵ دەبێت هەموو رۆژانی هەینی ئەو شەقامە پاش نیوەڕۆیان دەبێتە بازاری فرۆشتنی ئەو پەلەوەر و كەلوپەلانە، جارێ تا مەیدانەكە نەگوازرێتەوە، ئەو بازارە هەر دەمێنێت.
وتیشی، “لە پلانماندایە لە ئایندەیەكی نزیكدا مەیدانەكە بگوازینەوە”.
بازاڕەکە بووەتە تەواوکاری بازاری فرۆشتی کۆتر و پەلەوەر، کە ئەویش لەوێیە و ساڵانێکە زۆرە رۆژانی هەینی وەک ئەنتیکەخانەیەکە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا رۆژانی هەینی ئەو بەشەیە 30 مەتری، کە دەکەوێتە نزیک پردی سەیداوە، بە تەواوی بە رووی ئۆتۆمبێل و پیادەڕۆیانیشدا دادەخرێ و پێیدا رۆیشتن زۆر سەخت بووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا