"داوا دەكەین سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە هانامانەوە بێت"

لە هەولێرەوە رۆیشت و لە دیوانییە ژنێكی كوشت

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

964 چیرۆكی كوشتنی ژنێک لە شاری دیوانییەی باشووری عێراق دەگێڕێتەوە، كە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو روویداوە و كەسێك لە هەولێرەوە چووەتە دیوانییە و لەوێ خەسووی پێشووی خۆی كوشتووە.

بە پێی گێڕانەوەی مێردی ئەو ژنەی كوژراوە، كە ناوی حەیدەر ئیبراهیمییە و بۆ 964 قسەی كردووە، ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو كەسێك كە پێشتر مێردی كچەكەی بووە و دواتر جیابوونەتەوە و ئێستا لە هەولێر دەژیت، هاتووە بۆ شاری دیوانییە و لە بەردەم خەڵكدا تەقەی لە كچەكەی و دایكی كردووە و لە ئەنجامدا ژنی ئەو پیاوە، كە دەكاتە خەسووی پێشووی تەقەکەرەکە، كوشتووە.

باوكی كچەكە دەگێڕێتەوە، كچەكەی لەگەڵ منداڵەكەی خۆی، چووتە دەرمانخانەكەیان بۆ ئەوەی دایكی لەگەڵ خۆی بباتەوە ماڵەوە و دەرمانخانەكە دابخەن، كە هی خۆیانە، لەو كاتەدا ئەو كەسەی مێردی پێشووی كچەكەیان بووە، هاتووەتەژوورەوە و سەلامی كردووە، دواتر تەقەی لە كچەكەیان كردووە و لە چەناگەی برینداری كردووە، لەو كاتەشدا دایكی كچەكە رایكردووەتە دەرەوە و داوای بەهاناوەچوونی لە خەڵك كردووە، كابراش لێی هاتووەدەر و لە بەردەم كچەكەی و نەوەكەی تەقەی لێكردووە و كوشتوویەتی.

حەیدەر ئیبراهیمی دەڵێت، “داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و خودی بەڕێز مەسرور بارزانی دەكەم و هەروەها داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكەم، كە مافمان وەربگرنەوە و ئەو تاوانبارە دەستگیر بكەن و رادەستی یاسای بكەن”.

هەر لە بارەی ئەو رووداوەوە، زەهرا حەیدەر، ئەو ژنەی كە لە تەقەكەرەكە  جیابووەتەوە، چیرۆكی تاوانەكە بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت، “من و كچەكەم كە تەمەنی حەوت ساڵە، چووینە دەرمانخانەكەی دایكم، بۆ ئەوەی دایبخەین و دایكم ببیەینەوە ماڵەوە، لەناكاو ئەو تاوانبارە (مێردی پێشووی) هاتەژوورەوە و دەمانچەیەكی بەدەستەوە بوو، سەلامی كرد و یەكسەر تەقەی لێكردین، فیشەكێكی بە ئاراستەی دەموچاوم تەقاند و بە سووكی لە چەناگەم بریندار بووم، دایكم بە هاواركردنەوە چووە دەرەوە بۆ ئەوەی خەڵك بە هانامانەوە بێن، بەڵام ئەو فیشەكێكی بە ئەویشەوە نا و لە بەردەم دەرمانخانەكە كوشتی”.

دوو کەس لەسەر کوشتنی ژنەکەی حاجیاوا دەستگیرکران

دوو کەس لەسەر کوشتنی ژنەکەی حاجیاوا دەستگیرکران