میدحەت سانجار وا دەڵێ

ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی لە ئیمراڵی

ئەحمەد مستەفا

میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ کە لە دوورگەی ئیمراڵی کە بۆی ئامادە کراوە، و ئەمەش پێویستی خێراترکردنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا زیاتر دەکات.

سانجار لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای Medya Haber، سەبارەت بە دوا گۆڕانکارییەکانی پرۆسەکە، بارودۆخی ئۆجەلان و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێشخستنی گفتوگۆکان، هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە و زانیاری نوێی ئاشکراکردووە.

ئەو دەڵێ، رەزامەندیی ئۆجەلان بۆ گواستنەوە بۆ شوێنی نوێ، پەیامێکە بۆ پێویستیی خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەکە، سانجار لەو بارەیەوە وتی، “ئۆجەلان چووەتە شوێنی نوێ کە لە ئیمراڵی بۆی دروست کراوە و رەزامەندیی ئەو بۆ گواستنەوە بۆ ئەو شوێنە، پێویستی بە خێراکردنی پرۆسەکە هەیە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سانجار داوای کرد رۆژنامەنووسان دەرفەتی دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ ئۆجەلان بۆ بڕەخسێت، بەو پێیەی ئەمە دەتوانێت کۆتایی بە گومانەکان و زانیارییە نادروستەکان سەبارەت بە پرۆسەکە بهێنێت.

هەروەک وتی، هەندێک راپرسی و بەرنامەی میدیایی دەبنە هۆی تێکدانی کەشی گشتی و زیادبوونی بێ‌متمانەیی لە کۆمەڵگادا.