بۆ یەکەمجار
سەنتەرێکى چارەسەرى دەروونى لە دهۆک دەکرێتەوە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
یەکەم سەنتەرى چارەسەرى دەروونى کە لە دهۆک دەکرێتەوە، ئێستا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە 36 مانگدا تەواو بکرێت.
سەنتەرەکە دەکەوێتە دەڤەرى حەوشکێ لە ناحیەی تەناهی، لەسەر رووبەرى هەزار و 702 مەتر دووجا دروست دەکرێت و لە سێ نهۆم و نهۆمێکى ژێرزەمینى پێکدێت.
د. هەڤاڵ ئاکرەیى، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت،” بۆ یەکەمجارە سەنتەرێکى چارەسەرى دەروونى لە دهۆک دروست دەکرێت کە پڕۆژەیەکى کەرتى تەندروستییە، بڕى یەک ملیار و 430 ملیۆن دیناریشى بۆ دابینکراوە و لە ماوەى 36 مانگدا تەواو دەکرێت”.
“سەنتەرەکە بۆ چارەسەرى دەروونییە و شوێنى پێشوازى و تاقیگە و دەرمانخانە و راهێنان و کارگێڕى و کافتریا و مارکێت و شوێنى یارمى منداڵان و هۆڵى چالاکى و پارکى وەستاندنى ئۆتۆمبێل لە خۆى دەگرێت”، هەڤاڵ ئاکرەیى واى وت.
دەڤەری حەوشکێ دەکەوێتە ناحیەی تەناهی لە سنووری قەزای سێمێل، نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە پارێزگای دهۆکەوە دوورە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح