ئێرانیش دەڵێت "داخراوە"

(سێنتكۆم) دەڵێت؛ گەرووی هورمز کراوەیە و جموجۆڵی کەشتییە بازرگانییەکانیش زیادیکردوە

فەرهاد حەسەن

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا کە بە (سێنتكۆم) ناسراوە لە وەلامی ئەوەی کە ئێران  رایگەیاند کە گەرووی هورمزی داخستووە، دەڵێت ئەمڕۆ 55 کەشتی توانیان 17 ملیۆن بەرمیل نەوت بە سەلامەتی بگوازنەوە، هێزەکانیشیان بەردەوامن لە پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و چاودێریکردنی وردی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە لەگەڵ ئێران.

سێنتكۆم كەمێك پێش ئێستا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئەمڕۆ شەممەدا جموجۆڵی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز روویان لە زیادبوون کردووە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی “ئازادیی کەشتیوانی”.

ناوەندی زانیارییە هاوبەشە دەریاییەکان (JMIC) لەم هەفتەیەدا رێنماییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە سەلامەتیی تێپەڕبوونی هەمو جۆرە کەشتییەک کردەوە بە درێژایی ئەو رێڕەوانەی کە دیاریکراون، کە دوورن لە هەر داواکارییەکی هەڕەمەکی یان کۆسپ و تەگەرە.

هەر بە پێی راگەیەندراوەکەی (سێنتکۆم)، هێزەکانی ئەمریکا بە چاوکراوەیی لە ناوچەکەدا دەمێننەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو لایەنەکانی رێکەوتنەکە لەگەڵ ئێران وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن و بە تەواوی دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەوەی (سێنتکۆم) دەیڵێت، لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ ئێران بە فەرمی داخستنی گەرووی هورمزی بەرووی کەشتیگەلیدا راگەیاند، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا لە رێکەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل و نەکشانەوەی هێزەکانی لە باشوری لوبنان، تاران هۆشداریی ئەوەش دەدات کە ئەمە تەنیا سەرەتایە و ئەگەر بارودۆخەکە بەردەوام بێت، ڕێکاری سەربازیی توندتر دەگرنەبەر.