دڵی لە لێدان وەستا بوو

لە نەخۆشخانەی شار پیاوێکی 65 ساڵ لە جەڵتەی دڵ رزگار کرا 

هەژان هادی

لە سلێمانی پیاوێکی تەمەن 65 ساڵ کە جەڵتەی دڵ لێیدابوو و بەهۆیەوە تووشی تێکچونی کارەبایی و وەستانی دڵ ببوو، لەلایەن پزیشکانی نەخۆشخانەی شارەوە لە مردن رزگار کرا

تەندروستی سلێمانی دەڵێت، رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە نەخۆشەکە گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی شار، بەهۆی مەترسی حاڵەتەکەوە دەستبەجێ لە 15 خولەکدا تیمێکی پسپۆڕ لە ژووری نەشتەرگەری بەشی بوژانەوەی دڵ ئامادە بوون بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەکرد، د. سورکێو لەتيف، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە سەرپەرشتی نەشتەرگەرییەکەی کرد و سەرکەوتووانە توانرا ئەو شاخوێنبەرەی گیرابوو لەرێگەی قەستەرە و باڵۆنەوە بە نوێترین تەکنیکی پزیشکی بکرێتەوە.

دوای نەشتەرگەری، 24 کاتژمێر لە ژووری چاودێری چڕ مایەوە و دواتر لەژێر هەناسەی دەستکرد دەرهێنرا و پاش دوو رۆژی دیکە لەژێر چاودێری پزیشکدا لە نەخۆشخانە مایەوە ئەمڕۆ بە تەندروستییەکی جێگیرەوە نەخۆشخانەی جێهێشت.