"نەکەی لەگەڵ ویتكۆف کۆببیەوە"
ئاژانسی (تەسنیم)ی نزیک لە سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە عەباس عێراقچی
فەرهاد حەسەن
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، داوا لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەكات كۆبونەوە لەگەڵ نێردەكەی ترەمپ ئەنجام نەدات و هۆشداری دەدات كە بەهۆی پێشێلكردنی رێكەوتنی “ئیسلامئاباد” لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، پێویستە ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز بە تەواوی دابخات و هەمو جۆرە دانوستانێك رابگرێت.
ئاژانسی “تەسنیم”ی ئێرانی، کە لە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە نزیکە، لە راپۆرتێکی شیکاریدا رەخنەی توند لە ئەگەری کۆبونەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ دەگرێت و دەڵێت “ئەم دیدارە لە ئێستادا هیچ پاساو و پێویستییەکی نییە”.
ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی هێشتا لایەنە فەرمییەکانی ئێران هەواڵی کۆبونەوەکەیان پشتڕاست نەکردوەتەوە، بەڵام هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە هەڵە دەزانێت، چونکە واشنتن و تەلئەبیب بەڵێنە سەرەتاییەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردوە.
لە بڕگەی یەکەمی راپۆرتەکەی تەسنیم دا هایتووە “لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد” لە نێوان تاران و واشنتن بە تەواوی پێشێلکراوە، بەو پێیەی بڕگەکە جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە باشوری لوبنان کردبوەوە، بەڵام ئیسرائیل نەک هەر نەکشاوەتەوە، بەڵکو بەردەوامە لە هێرش و “تاوانەکانی” لەو ناوچانەدا.
جەختیشدەکاتەوە کە بەپێی بڕگەی 13ـی هەمان لێکتێگەیشتن، ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، نابێت هیچ هەنگاوێکی دیکە بنرێت و پێویستە ئێران گەرووی هورمز بە تەواوی دابخات.
ئاژانسە ئێرانییەکە، هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر پەیمانشکێنی دەکات، كە تەنیا وەک مۆڵەتێکە بۆ ئەمریکا تاوەکو لە پێشێلکارییەکانی بەردەوام بێت.
دەشڵێت “ئەم لێکتێگەیشتنە خۆی بەرهەمی گفتوگۆکانە، ئەگەر بڕیار بێت جێبەجێ نەکرێت، ئەوا ئەنجامدانی گفتوگۆی نوێ بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە کارێکی بێسودە”، هەربۆیە داوا دەکات تاران فشارەکان چڕبکاتەوە و بە داخستنی گەرووی هورمز و رێگری لە “هەڵەیەکی ستراتیژیی قەرەبونەکراوە”دا بگرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە کە تەنیا چەند خولەكێكی كەم دوای ئەو راپۆرتەی تەسنیم، بارەگای ناوەندیی “خاتەم ئەلئەنبیا”ی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا راگەیاند و وتی، ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە “پەیمانشکێنی ئاشکرای ئەمریکا” لە جێبەجێنەکردنی بڕگەی یەکەمی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ.