لەولا (ویتکۆف)یش لەرێگایە
شاندی دانوستانكاری ئێران بەرەو سویسرا بەرێکەوت
فەرهاد حەسەن
شاندێکی باڵای سیاسی و ئابوری ئێران بە سەرۆکایەتی قالیباف و عێراقچی و بەشداری بەرپرسانی بانکی ناوەندی و کەرتی نەوت، بە ناوی “میناب 168” بەرەو سویسرا بەڕێكەوتن، بە مەبەستی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دانوستانەکان، بەپێی میدیاکانی ئەمریکاش، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپیش بە رێگاوەیە بەرەو ئەو وڵاتە.
میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، كەمێك پێش ئێستا شاندێکی باڵای دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی “میناب 168″، تارانیان بەرەو شاری زوریخی سویسرا بەجێهێشت، ئەم سەفەرە دیپلۆماسییە لە کاتێکی هەستیاردا دێت و ئامانج لێی دەسپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکانە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکان.
شاندەکەی ئێران لە ئاستێکی باڵای سیاسی، ئابوری و ئەمنی لەخۆگرتووە، کە تێیدا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە سەرکردایەتی دەکەن. هەروەها عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی و حەمید بورد، سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران و چەندین بەرپرسی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دەرەوە لە ناو شاندەکەدان.
میدیاكانی ئەمریكاش بڵاویانکردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەنجامدانی گەڕی یەکەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران بەرەو سویسرا بەڕێكەوتووە، ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە دوای هاتنەکایەی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا دێت کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و قەتەر و هاوکاری ئێران پێکهات.