بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرایە

بەغدا رەزامەندی دا بە یەکسانکردن و هاوتاکردنی بڕوانامەی بەشێک لە خوێندکارانی کورد

فەرهاد حەسەن

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا دەڵێت، لە بەغداوە رەزامەندیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەرگرتووە بۆ بە یەکسانکردن و هاوتاکردنی بڕوانامەی بەشێک لە خوێندکارانی کورد.

ناوەڕۆکی رەزامەندییەکە تایبەتە بە کارئاسانی و رێگەدان بە یەکسانکردن و هاوتاکردنی بڕوانامەی ئەو خوێندکارە کوردانەی کە دەیانەوێت لە چوارچێوەی (100 کورسیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان)دا، پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەبەر ئەوەی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی تایبەت بە پەسەندکردنی بڕوانامەکان کاتێکی زۆری پێویستە، بۆیە لە ئێستادا خوێندکاران دەستیانکردوە بەپێشکەشکردن بەمەبەستی خوێندن بەڵام ئاستەنگیان بۆ دروست بووە ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بەردەم خوێندنی خوێندکاران بۆیە  ئەم هەنگاوەیان بە شێوەیەکی پێشوەختە جێبەجێ کردووە.

سروە محەمەد رەشید پەرلەمانتاری کورد لە عێراق، ئەمەی سەرەوەی لە ئەکاونتی فەیسبووکەکەی لەگەڵ دەقی ئەو رەزامەندییەی کە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی وەریگرتووە، بڵاوکردووەتەوە و دەشڵێت “پاش هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەواممان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 20 رۆژ، خۆشحاڵین پێتان رابگەیەنین کە توانیمان رەزامەندی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی فیدراڵ بەدەستبهێنین”.