له رۆژه جیهانییه‌كه‌یاندا
خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كانى سێمێل خوارده‌مه‌نى و كه‌لوپه‌لى ناوماڵیان پێدرا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌مڕۆ رۆژى جیهانى خاوه‌ن پێدویستى تایبه‌ته، له قه‌زاى سێمێلی سه‌ر به دهۆكی ژماره‌یه‌ك له‌و خاوه‌ن پێداویستیانه كۆكرانه‌وه و به‌م بۆنه‌یه‌وه كه‌لوپه‌لى ناوماڵ و خوارده‌مه‌نیان پێدرا.
مه‌راسیمه‌كه، ئه‌مڕۆ 3.12.2024 له له ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تیى سێمێل به‌ڕێوه‌چوو.
زه‌رده‌شت شێخ شامۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خانكێ به نوێنه‌رایه‌تى قایمقامى سێمێل به 964ـى راگه‌یاند، كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانیان به‌سه‌ر 40 خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت دابه‌شكردووه.
وتیشی “ئه‌و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تانه‌مان ده‌ستنیشان كرد كه له خێزانى كه‌مدرامه‌تن و به پێویستمان زانى له‌م رۆژه‌دا ئه‌و خێزانانه به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كه‌لوپه‌له‌كانى ناوماڵ و پێداویسته‌كانى خوارده‌مه‌نى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای سنوورى سێمێل دابین كرابوون و وتیشی “وه‌ك هاوكاریش بڕێك پاره‌مان پێشكه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تیى سێمێل كرد، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هاوكارى هه‌ندێك خێزانى دیكه‌ى كه‌مده‌رامه‌ت بكه‌ن”.
لە رۆژى 14.10.1992، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکى پەسەند کرد و رۆژى 3ـى دیسەمبەرى، وەک رۆژى جیهانى کەمئەندامان دیاریکرد.
بەپێى راپۆرتى رێکخراوى تەندروستى جیهانى، لە تەواوى جیهاندا 1.3 ملیار کەس خاوەن پێداویستى تایبەتن و لە عێراقیش تا ئێستا ژمارەیەکى دروستى کەمئەندامان نییە، به‌ڵام بەقسەى سامان حوسێن، سەرۆکى یەکێتى کەمئەندامان، لە هەرێمى کوردستان زیاتر له 90 هەزار کەمئەندام لە لیستى موچەدا تۆمارکراون، زیاتر لە 125 هەزار کەمئەندام لە هەرێمى کوردستان هەن.