عێراق خاوەن پرۆژەکان ناچاردەکات 100 دۆلار بە 147 هەزار دینار وەربگرن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

دەستەی وەبەرهێنانی عێراق کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون پابەند دەکات لە وەرگرتنەوەی قیستەکانیاندا، 100 دۆلار بە 147 هەزار دینار هەژمار بکەن، بە پێچەوانەوە روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن.

دەستەی وەبەرهێنانی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی هەموو ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە وەبەرهێنانیان لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبووندا کردووە، داوایان لێدەکات کە قیستەکانی هاوڵاتیان بە دیناری عێراقی وەربگرن و هەر دۆلارێک بە 1470 دینار هەژمار بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دووی شوباتی 2023، لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان 100 دۆلاری ئەمەریکی بە سەروو 170 هەزار دینار دەفرۆشرا.

هەرچەندە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کێشەی بۆ کڕیارانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستانیش دروستکردووە لە دانەوەی قیستەکانیان، بەڵام بڕیارەکەی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق هەرێم ناگرێتەوە.

تۆڕی 964 لە دەستەی وەبەرهێنانەوە دەزانێت، کە لە دانیشتوانی چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون یاداشتیان بۆ هاتووە تا جێگیربوونەوەی نرخی دۆلار قیستەکانیان بۆ رابگیرێت یان نرخەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە پێش بەرزبوونەوەی دۆلار و بە دینار بیدەن.

مانگی رابردوو، پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی کە دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: دوو تا سێ هەفتەی تر نرخی دۆلار جێگیر نەبێتەوە “لە دەستەی وەبەرهێنان بڕیارێک لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی نیشتەجێبووی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەدەین سەبارەت بە قیستی یەکەکانیان”.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە 195 پڕۆژەدا بە ماوەی 16 ساڵ دروستکراون.