لە بازاڕى رەش دەیفرۆشنەوە
رێکخراوێک: بەشێک لە بریکارەکانى غاز فێڵ لە هاوڵاتیان دەکەن
رێباز خدر- هەولێر
رێکخراوی “دیدار” لە شاری هەولێر هۆشداری دەدات لە بوونی فێڵ و کارێکی نایاسایی کە لەلایەن بەشێک لە بریکارەکانی دابەشکردنی غازەوە بەرامبەر هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا غازی پشکی هاووڵاتیان دەبردرێت و لە بازاڕی رەشدا بە چەند هێندەی نرخی راستەقینە دەفرۆشرێتەوە.
محەمەد سەباح، سەرۆکی رێکخراوی دیدار بە 964ـى راگەیاند،”دوای بەدواداچوونەکانمان بۆمان دەرکەوتووە کە بەشێک لە بریکارەکانی غاز، سیستەمی کارتی زیرەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن. کاتێک هاووڵاتی سەردانیان دەکات، بریکارەکە پێی دەڵێت کە کارتەکەت لە سیستەمەکەدا ناخوێندرێتەوە و کار ناکات، بەڵام لە راستیدا کارتەکە دەخوێندرێتەوە و پشکی ئەو هاووڵاتییە لەسەر کارتەکە هەژمار دەکرێت، بێ ئەوەی هاووڵاتییەکە بوتڵە غازەکەی وەرگرتبێت.”
سەرۆکی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بوتڵە غازانەی بەو شێوەیە لە هاووڵاتیان “دەدزرێن”، لەلایەن بریکارەکانەوە دەبرێنە بازاڕی رەش و بە نرخی دوو هێندە و سێ هێندە دەفرۆشرێنەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوەکە، بریکارەکان لە هەر جارێکی فرۆشتنەوەی ئەم غازە نایاساییەدا، نزیکەی ملیۆنێک دینار قازانج دەکەن.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی شەڕ، رووبەڕووی قەیرانی کەمی غاز بووەتەوە. ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی “کۆرمۆر”، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابینکردنی غازی ماڵان دروست کردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح