چی روویدا

لەولا ترەمپ هەڕەشە دەکات و لەملاش باسی پێکهێنانی حکومەت دەکرێت

964+

توانا نەقی

لە دوێنێوە چی روویداوە لە جیهان و ناوچەکە و هەرێمی خۆشمان بە کورتی و پوختی بۆتان دەخەینەڕوو بەکاتێکی کەم بیانخوێننەوە و تێبگەن لەوەی رووداوەکان بە وردو درشتییەوە چی بوون.

– دۆناڵد ترەمپ لە تروس سۆشیاڵ: ئێران بە فەرمی واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە کە وڵاتەکە لە دۆخێکی نالەبار و لە لێواری هەرەسدایە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تاران داوای کردنەوەی بەپەلەی گەرووی هورمزی کردووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی سەرکردایەتیی ئێران.

– وۆڵ ستریت جۆرناڵ: دۆناڵد رەمپ بەرپرسانی ئیدارەکەی و هاوکارانی راسپاردووە خۆیان بۆ گمارۆدانێکی درێژخایەن بۆسەر ئێران ئامادە بکەن.

– رۆیتەرز: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 110 دۆلار پەیوەندی بە درێژکردنەوەی گەمارۆی سەر ئێرانەوەیە و گیرخواردنی نەوتەکەیە لە بەندەرەکانی ئێران.

– رۆیتەرز: ئیماراتى سێیەم بەرهەمهێنەرى نەوت لە رێکخراوى ئۆپیک، کشانەوەى خۆى لە رێکخراوەکە راگەیاند، بەڵام عێراق رەتى کردەوە بکشێتەوە و پێى وایە ئەوە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەى نەوتى زیاتر هەناردە بکات.

– نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق: ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار دراوە بڕە پارەیەک وەک شایستەی دارایی بۆ خێزانی شەهیدان و بریندارانی ئەو هێرشە سەربازییانە تەرخان بکرێت کە لەم دواییانەدا کرانە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

سوپای پاسداران: ئەگەر ئەمریکا جارێکی دیکە حساباتی هەڵە بکات و ئەوا کەشتییە زەبەلاحەکانی لە دەریا دەکەینە ئامانج و دەیانسووتێنین

لای خۆمان و لە هەرێمیش ئەم هەواڵانە هەیە و ئەم رووداوانە روویانداوە:

– دوێنێ لە تەمەنى 65 ساڵیدا، فاروق رەفیق نوسەر و رەخنەگری دیاری کور لە ماڵەكەی خۆیدا لە هەولێر كۆچی دوایی كرد، ئەمڕۆش تەرمەکەی دەبرێتەوە سلێمانی و لە گردی سەیوان بەخاک دەسپێردرێت.

– سەرۆکی حکومەتی هەرێم: ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کاتدا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەکەوێت.

– لە شیکارییەکەدا هیوا مەحمود عوسمان رۆژنامەنوس دەڵێت: کەس پێشبینیی نەدەکرد عەلى زەیدى بکرێتە کاندید، چونکە کەسێکى نەناسراو بوو، تەنانەت ئەگەر لە ئینتەرنێتیش بەدوایدا بگەڕێیت، زانیارییەکی زۆر کەم و دیاریکراوی لەسەر هەیە و هیچ رابردوویەکی سیاسیی نییە.

– بڕیارەکەی پارێزگای هەڵەبجە سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا کە بۆیان نییە بچنە بازاڕ کاری لە بازاڕیشیان کردووە و کڕین و فرۆشتنیان راوەستاوە.