"کردەوەیەکی تیرۆریستییە بۆ زیانگەیاندن بە ئاشتی"

سوپای پاسداران سەركۆنەن هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم دەکات

فەرهاد حەسەن

سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک سەركۆنە دەكات و بەكارێكی “تیرۆرستی” وەسفی دەكات، دەشڵێت، “ئەم کردەوە تیرۆریستییانە گوزارشت لە هەوڵەكانی دوژمن دەکەن بۆ زیانگەیاندن بە ئاشتی، سەقامگیری و هاوکارییە ناوچەییەکان”.

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێک کە لە تەلیگرامەکەی بڵاویكردەوە، دەڵێت “هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دهۆک، نمونەی کردەوەیەکی تیرۆریستییە لەلایەن دوژمنانەوە کە لە ڕۆژانی رابردودا نمونەکەیمان لە تیرۆرکردنی بەرپرسانی باڵای ئێران و گەلی مەزڵومی ئێران لەلایەن سوپا تیرۆریستەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەوە بینیوە”.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ژمارە 49 ی ئۆپەراسیۆنی (وەعدەی سادق 4)ـی سوپای پاسداران، “ئەم کردەوە تیرۆریستیە گوزارشت لە هەوڵەكانی دوژمنانی جەنگخواز دەکەن بۆ زیانگەیاندن بە ئاشتی، سەقامگیری و هاوکارییە ناوچەییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێدا”.

سوپای پاسداران وێڕای سەرکۆنەكردنی ئەو كردەوەیە، ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ پشتیوانیکردن و بەرگریکردن لە ئاسایشی دراوسێکان لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و دروستکردنی قەڵغانی بەرگری بەکۆمەڵ لە ناوچەکەدا.