بۆ رۆژی سەربەخۆی دایانناوە

وێنەی ترەمپ دەخرێتە سەر پاسپۆرتی ئەمریکی

ئەحمەد مستەفا

بە وێنەی ترەمپەوە ئەمریکا، لە یادی 250 ساڵەی راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان، پاسپۆرتێکی نوێ دەردەکەن و تەنیا لە واشنتۆنی پایتەخت دەردەکرێ.

لە مێژوودا ئەمە یەکەمجارە روودەدات، سەرۆکێک لە کاتی دەسەڵاتیدا وێنەی خۆی بخاتەسەر پاسپۆرتی وڵات.

تۆمی بیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، لەگەڵ ئاهەنگەکانی مانگی تەممووز بۆ یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی وڵات، وەزارەتی دەرەوە ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی سنووردار لە پاسپۆرتی ئەمریکی کە بە تایبەت بۆ یادکردنەوەی ئەم بۆنە مێژووییە دیزاین کراون.

لاپەڕە ناوخۆییەکانی پاسپۆرتە نوێیەکەدا وێنەی دۆناڵد تڕەمپ و واژۆکەی بە ڕەنگی زێڕین دەردەکەوێت، لە تەنیشت وێنەی باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا لە رۆژی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە 4ـی تەمموزی 1776.

ئەمە یەکەمین جارە لە مێژوودا وێنەی سەرۆکێکی ئەمریکا لە کاتی دەسەڵاتەکەیدا بخرێتە سەر پاسپۆرتی فەرمی وڵات، هەروەها بڕیارە بە هەمان بۆنەوە، مەدالیایەکی زێڕی یادگاری کە وێنەی تڕەمپی لەسەرە لێبدرێت.

قسەو باس هەیە دەرکردنی پاسپۆرتەکە سنووردار بێت، لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پاسپۆرتانە تەنیا لە واشنتن دەردەکرێن و بڕەکەیان زۆر سنووردار دەبێت.