لە هەولێر

رێكخراوێكی تایبەت بە توێژینەوەی نەخۆشییەكانی دڵ پێكهێنرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ لە هەولێر، رێكخراوێكی تایبەتی بە توێژینەوەی پزیشكیی نەخۆشییەكانی دڵ دامەزراند و ئاشكراشی كرد، پلانەكەیان وایە جگە لە دڵ، بۆ نەخۆشیی شێرپەنجەش توێژینەوە بكەن.

د. شوان ئەمین پسپۆڕی وردی نەخۆشییەكانی دڵ لە هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 9.11.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “خۆشحاڵین بە راگەیاندنی رێکخراوی ئەنگەشە بۆ توێژینەوەی نەخۆشییەکانی دڵ، وەک یەکەم رێکخراوی تایبەتی زانستی پزیشکی و توێژینەوە”.

وتیشی، دوای ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەی زیاتر لە 35 توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی جیهانی و لە کۆمەڵەی پزیشکانی دڵی ئەمریکی و چەندەها گۆڤاری وڵاتانی ئەوروپا و نێودەوڵەتی و گۆڤاری ناوەخۆیی و كۆنفرانسەكان، بیریان لەوەكردەوە رێكخراوێك بۆ ئەم بوارە دابمەزرێنن”.

د. شوان كە سێ بڕوانامەی دكتۆرای لە نەخۆشییەكانی دڵ هەیە، دەڵێت، “بواری پزیشكی بە توێژینەوە پێشدەكەوێت و لە هەموو دنیا بە توێژینەوە پێشكەوتوون، نەك كتێبی پزیشكی بخوێنیتەوە و لەسەر نەخۆش جێبەجێی بكەیت، ئێمە هەوڵمانداوە بە توێژینەوە لەسەر چەند جۆرێكی نەخۆشییەكانی دڵ لە كوردستان بگەینە ئەنجام و وەڵام، ئەمەش لە رێگەی توێژینەوە، كە هەر لە سەنتەری دڵ لە هەولێر ئەنجامدراون، بە تایبەتی دیاردەی جەڵتەی دڵ لە ناو گەنجان و هۆكارەكانی، هەروەها ئەنجامەكانی دوای قەستەرە و دانانی شەبەك و بالۆن بۆ دڵ بۆ نەخۆشەكان”.

“خەرجیی توێژینەوەكان خۆم لەئەستۆی دەگرم و ئەوانەشی پێشتر كردوومن، هەر لە ئەستۆی خۆم بووە، دەمەوێت پزیشكە گەنجەكان و نەوەی ئێستا فێری توێژینەوە ببن و كار لەم بوارەدا بكەن و بە ستاندارێكی جیهانی كار بكەن”، د. شوان وای وت.

هەروەها وتی، ئەوكاتەی لە ئەڵمانیا بووم لە سەنتەرێكی پزیشكی سەرۆكی بەشی توێژینەوە بووم، بۆیە ویستم لە كوردستانیش درێژە بەو كارە بدەم و بتوانین یارمەتی وەزارەتی تەندروستی و حكومەت و رێكخراوەكان و نەخۆشخانەكان بدەین بە ئەنجامدانی توێژینەوە و خستنەڕووی پێویستی و چارەسەرییەكانی نەخۆشییەكانی دڵ و ئەوانی دیكەش.

پزیشكەكەی هەولێر هەروەها ئاشكرای كرد، پلانیان وایە توێژینەوە لەسەر نەخۆشییەكانی شێرپەنجەش لە كوردستان بكەن، چونكە هەموو كات شێرپەنجە و ئامارەكانی جێی قسەوباسە و هاوڵاتی پێویستی بە رێنمایی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و زانیاری هەیە.

د. شوان عوسمان ئەمین، یەكێكە لە پزیشكە ناودارەكانی هەولێر و جگە لە كلینكی خۆی، لە سەنتەری دڵیش كاردەكات و لە ئەڵمانیا خوێندنی تەواو كردووە و لە سێ پسپۆڕیی جیاوازی نەخۆشییەكانی دڵ دكتۆرای بەدەستهێناوە.

ئەو هەروەها چەند كتێب و نامیلكەیەكی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی لە بارەی نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە و بابەتی دیكەی تەندروستی چاپ و بڵاوكردووەتەوە.

پزیشکێک ژمارەیەک کتێب لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ بڵاودەکات...

پزیشکێک ژمارەیەک کتێب لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ بڵاودەکاتەوە