لە بانكی هەرێمەوە بۆ نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو: چیتر پارە حەواڵە نەكەن

+964
كوردستان ئەحمەد-هەولێر

بانكی ناوەندی هەرێم، لقی سلێمانی نوسراوێكی ئاراستەی نوسینگە و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو كردووە و ئاگاداریان دەكاتەوە، بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە پارە حەواڵەی دەرەوەی وڵات بكەن.

بەپێی ناوەڕۆكی نوسراوەكە هەر نوسینگە و كۆمپانیایەكی ئاڵوگۆڕی دراو جگە لە ئاڵوگۆڕی دراو لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا ئەگەر حەواڵەی پارە بكات بۆ دەرەوەی وڵات سزادەدرێت، چونكە كۆمپانیاكان پێشتر بەڵێننامەیان پڕكردوەتەوە تەنیا ئاڵوگۆڕی دراو بكەن.

بڕیارەكە ژمارە 276ی لەسەرە و رێكەوتی 1ی شوباتی 2023ی لەسەرە و واژۆی ماكوان جەمیل مستەفای لەسەرە و وێنەكە بۆ سەرجەم نوسینگەكانی دراو نێردراوە.

ماكوان مستەفا، سەرۆكی بانكی هەرێم لقی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند ”بڕیارەكە لە رۆژی دەرچونیەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەر نوسینگە و كۆمپانیایەكیش سەرپێچی بكات سزای دەدەین”.

بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی، سەر بە بانكی ناوەندی عێراقە و لەسەرجەم شارەكانی عێراق نوسینگەیان هەیە.

هەر لەبارەی بڕیارەكەوە گفتوگۆمان لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی بانكەكانی هەرێمی كوردستان كرد ئەو وتی ”ئەم بڕیارە یاساییە و پێشتریش ئاگاداركراونەتەوە نابێت حەواڵەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات بكرێت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە”.

هاوار شێخ رەوف بەڕێوبەری بانكەكان لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی 964ی راگەیاند  ”ئەو بڕیارە یاساییە و پێشتریش كاتێك نوسینگە و كۆمپانیاكان دامەزراون بەڵێنیان پڕكردوەتەوە، كە نابێت حەواڵەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بكەن”.

بەرزبوونەوە و نزمبونەوەی نرخی دۆلار لە هەرێمی كوردستان و عێراق، وایكردووە بانكی ناوەندی چەندین بڕیاری نوێ بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەربكات، لە ماوەی رابردوودا نرخی دۆلار لە عێراقدا گۆرانكاری بەسەرداهات و بەرزبویەوە.

بڕیارەكەی بانكی هەرێم