وەزیر خۆی هاتووەتەسەر خەت

لە هەولێر ئامادەكاری بۆ لافاو و باران دەكرێت

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

ئامادەكاری بۆ وەرزی باران و بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە هەولێر و دەوروبەری دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ پێنجشەممە 31.10.2024 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دەستپێكردنی ئامادەكارییەكان كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ لایەنە بەرپرسەكان ئەنجام دا.

لە راگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و شارەوانییەكانی هەولێر، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئاو، ئاوەڕۆ، پارك و باخچەكان، خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكانی هەولێر ئامادەی بوون، چۆنیەتی ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی زستان و بارانبارین بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی باران گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

ئاماژە بەوەش كراوە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی راسپارد لە ئێستاوە دەست بە ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو وەرزە بكەن و  ئاوەڕۆكانی شاری هەولێر و شارەوانییەكانی دەوروبەری خاوێن بكەنەوە و ئەو شوێنانە دەستنیشان بكەن كە لە ساڵانی رابردوودا لافاو تێیدا روویداوە، یان ئاوی بارانیان لێ كۆبووەتەوە.

“وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لێكردن بەزووترین كات چەندین تیمی تایبەتمەند دروست بكەن و بەردەوام چاودێریی ئاوەڕۆكان و ئەو شوێنانە بكەن، كە گرفتی كۆبوونەوەی ئاویان هەیە و گرفتەكان چارەسەر بكەن، بۆ ڕێگریكردن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراوی دروستبوونی لافاو یان كۆبوونەوەی ئاو”، لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی شارەوانی وا هاتووە.

لەو چەند ساڵەی رابردوودا هەولێر و دەوروبەری چەند جارێك رووبەڕووی لافاو و كۆبوونەوەی ئاو لە چەند گەڕەك و شوێنێك بووەتەوە و زەرەر و زیانی زۆری گەیاندووە و چەند كەسێكیش گیانیان لەدەست دا، ئەمە جگە لەوەی زیانی زۆری بۆ ماڵ و بازاڕ و شوێنە گشتییەكانیش هەبووە.

بەرگرى شارستانى ئامۆژگارییەکانى بۆ کاتى لافاو بڵاوکرد...

بەرگرى شارستانى ئامۆژگارییەکانى بۆ کاتى لافاو بڵاوکردەوە