"لە سنووردارکردنی چەک پاشەکشە ناکەین"
سەرۆک کۆماری عێراق: کە لەگەڵ ئێران دەبین نە لەگەڵ ئەمریکاش
فەرهاد حەسەن
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق رایگهیاند، دوای کەمپینی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، رووبەڕوی پرسی چەکی گروپە چەکدارەکان دەبنەوە، دەڵێت، “بڕیاری سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پاشەکشەی لێناکرێت”.
ئامێدی، ئەمڕۆ شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (العربیه) ئەم قسانەی کردو وتیشی “هیچ پاشەکشەیەک لە بڕیاری کورتکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا نییە و كۆنترۆڵکردنی چەک گرنگترین دۆسیەیە کە چاوەڕێی حکومەت دەکات”.
ئاماژهی بهوهشكردووە، بەغدا بە شێوازێکی حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی گروپە چەکدارەکاندا دەکات، “ئێران پەیامی لە بەغداوە پێگەیشتووە سەبارەت بە پێویستیی دەستپێکردنی دانوستان لەسەر سنورەکان، سەروەری و گروپە چەکدارەکان”.
جەختی لەوەکردەوە، هیچ پاشەکشەیەک لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ناکرێت، کە بە بڕوای ئەو، مەترسییەکەی کەمتر نییە لە مەترسیی تیرۆر.
سهرۆك كۆماری عێراق روونیكردهوه، دۆخی ئەمنیی عێراق هێشتا ناسکە و “عێراقیش رەتیدەکاتەوە کە خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت”، هاوكات “ئاسایشی کەنداو بەشێکە لە ئاسایشی عێراق و ئاسایشی عێراقیش بەشێکە لە ئاسایشی ناوچەکە”.
نزار ئامێدی له چاوپێكهوتنهكهیدا باسی لهوهكردوه “عێراق لەگەڵ ئێران نابێتە دژی واشنتن و لەگەڵ واشنتنیش نابێتە دژی ئێران”، هەوڵیش بۆ باشترین پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە دەدەن.
ئهو وتانهی سهرۆك كۆمار لهكاتێكدایه كه مانگی رابردو سێ گروپی چەکدار رەزامەندییان دەربڕی لەسەر رادەستکردنی چەکەکانیان، کە ئەوانیش: سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی بوون.
شهش گروپی دیكه رادەستکردنی چەکەکانیان رەتکردەوە، کە پێکهاتون لە: کەتائیبی “سەیدولشوهەدا”، بزوتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، “سەرایای ئەولیای دەم” و “ئەسحابولکەهف” کە بەشدارییەکی بەربڵاویان هەبوو لەو جەنگەی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28.2.2026 هەڵگیرسا، ئەمە جیا لە کەتائیبی کەربەلا.