"لە کەمئاوییدا بە هەرەوەزی کارەکە دەکەین"

لە گوندێکی شارەزوور 90 ماڵ بەیەکەوە برنجیان چاندووە

964+

بڕوا مەجید – شارەزوو

بۆ ئەمساڵ جوتیارانی گوندی کانیکەوە چبوخ لە شارەزوور پێکەوە 30 دۆنم زەوی کشتوکاڵی ناوچەکەیان بە برنج چاندووە، ئێستا وەرزی دروێنەیە و چەڵتوکەکەی پێگەیشتووە، 90 ماڵ خاوەن پشکن و بەرهەمەکەیان دەچننەوە.

مستەفا حاجی حەمەبۆر سەرپەرشتیاری جوتیارانی گوندی کانیکەوەی چبوخ بە 964ـی وت، “ئەمساڵ دوای دروێنەی گەنم و جۆ، دەستمان کرد بە چاندنی برنج، بەهۆی کەمئاویی، بیرمان لەوەکردەوە کە بە هەرەوەزی کارەکە بکەین و نزیکەی 30 دۆنم زەویمان بە برنج چاند”.

“دوای پێگەشتنی چەڵتوکەکە ئەگەر کەوتبێ بەداس دەیدوورین و مەڵۆی  دەکەین و دواتریش لە دەڕاسەی دەدەین، ئەگەریش نەکەوتبێ  راستەوخۆ بەدەڕاسە دەیدورینەوە، پاشان بەسەر هەشت بۆ نۆ کۆمەڵە دابەشی دەکەین و هەر کۆمەڵێک بۆ 10 ماڵ دەبێت و کەس بەشی نافەوتێ”، مستەفا حاجی حەمەبۆر وای وت.

فەلاح حاجی ساڵح جوتیارێکی گوندی کانیکەوە چبوخ ئاماژەی بەوەکرد کە زەوی گوندەکەیان زەوییەکی پان و بەپیتە و ساڵانە ئەگەر باران زۆر بێ و ئاو هەبێت، هەر کەسەو بۆ خۆی چەڵتوک دەچێنێت، بەڵام لە کەمئاوییدا بە هەرەوەزی کارەکە دەکەن.

بە قسەی فەلاح ساڵح، چەند جۆرێک چەڵتوک هەیە لەوانە چەڵتوکی مەولەوی، بازیان، ئاکرێ و چەڵتوکی سێ مانگی و چەڵتوکی گەرمەش هەیە کە لە هاویندا دەکرێت.

برنجی خۆماڵی شارەزوور تام و لەزەتێکی جیاوازی هەیە و بەشێک لە هاوڵاتیان لەگەڵ گۆشتی  قاز و قەل و کەڵەشێر، پێشکەشی میوانەکانیانی دەکەن، یانیش وەک دیاری دەیبەخشن بە ئازیزانیان، بەپێی جۆرەکەی نرخەکەی دیاری دەکرێت و تا جوانتر و باشتر بێت گرانترە و نرخی هەر کیلۆیەک لە 1500 دینارەوە دەستپێدەکات تا دوو هەزار و 500 دینار.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری