لە ژێر ئەمنییەتێکى توندوتۆڵ

گەڕانەوەى ئاوارەکانى سەرێکانى دەستیپێکردەوە

گەرناس مەعۆ- رۆژئاوا

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رایدەگەیەنن کە پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی دەستیپێکردووەتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا دەیان کەسی “هاوردە” ماڵەکانیان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان چۆڵکردووە.
سیامەند خەلیل، جێگری بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە 964ـى وت، “کاروانەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی دەستیپێکردووەتەوە. ئێمە سەرەتا لە گوندەکانەوە دەستمان پێکردووە، چونکە لە رووی ئەمنییەوە لە یەکەم کاروانی گەڕانەوە بۆ ناو شارەکەدا کێشە دروست بوو. بۆ رێگریکردن لەو کێشە و رووداوانە، بڕیارمان دا سەرەتا ئاوارەی گوندەکان بگەڕێنینەوە.”

ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەکە ناوەستێت و تا ئێستا نزیکەی هەزار گوند هەن کە خەڵکەکەی تێدا نیشتەجێ دەکرێتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە رۆژی سێشەممە یان پێنجشەممە، دوو کاروانی دیکەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
سەبارەت بە چۆڵکردنی ماڵی هاووڵاتییانی رەسەنی ناوچەکە، سیامەند خەلیل وتی: “ئەمڕۆ 50 کەسی هاوردە لەو ماڵانەی سەرێکانی چوونە دەرەوە کە دەستیان بەسەردا گرتبوو.”
روونیشی کردەوە کە هەماهەنگییەکی تەواو هەیە بۆ دەرکردنی ئەو کەسە هاوردانە و رادەستکردنەوەی ماڵەکان بە خاوەنە رەسەنەکانیان.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسە هاوردانەی کە ماڵەکانیان چۆڵکردووە، لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری حەسەکەن، بەتایبەتی دانیشتووی گەڕەکەکانی (غوێران و نەشوە) بوون و بەسەر گەڕەکەکانی سەرێکانیدا دابەش ببوون.
لە کۆتاییدا، جێگری بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە وەک چۆن ئاسایشی گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی سەرێکانی بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان دەپارێزن، بە هەمان شێوە ئاسایشی ئەو کەسە هاوردانەش دەپارێزن لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانی پێشووی خۆیان لە حەسەکە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح