50 ساڵە دانەبڕاوە

وەستا عومەر؛ ئوتوچییە ئامانەت پارێزەکەی شار

رازاو محەمەد – سلێمانی

وەستا عومەری عەبدولقادر، لە 1976 وە، دەستی بە کارکردن و ئوتوکردنی جلی خەڵکی خانەخوێی سلێمانی کردووە، کارێک کە نزیکەی نیو سەدەیە بەردەوامی پێداوە و تا ئێستاش بەردەوامە لەسەری، ئامەنەت پارێزییەکەی بەرچاوترین چیرۆکی ژیانیەتی.

بەیانی زوو دوکانەکەی دەکاتەوە و رۆژەکەی بە ئوتوکردنی جلەکانی خەڵک دەست پێدەکات، وەستا عومەر دەڵێت، زۆربەی مشتەرییەکانی پیاوانن، بەڵام لە ماوەی ئەم 50 ساڵەدا هەموو جۆرە جلێکی ئوتوكردووە، کە بە وتەی خۆی یەكێك لەكارە ناخۆش و نارەحەتەكان جلی ئافرەتان و پەردە ئوتوكردنە.

لە ماوەی ئەم ساڵانەدا جلی زۆر لە بەر دەست و پەنجەی وەستا عومەر بووە هەر یەکێکیان دەکرێت چیرۆکێکی تایبەتی هەبێت، جارێک جلێکیان لە موسڵەوە بۆ هێناوە بۆ ئەوەی ئوتوی بکات و دوای پێی زانیوە، بەڵام چیرۆکی هەندێک جل لەوەش سەیرترە.

وەستا عومەر دەڵێت، کاتی خۆی جلی بە سێ پەنجای ئوتوكردووە، بەڵام ئێستا گرانی کارەبا کاریگەری لەسەر کارەکەی داناوە، چونکە ئوتوکردن بە کارەبا دەکرێت و تێچووی کارەکە بەرز کردووەتەوە.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، شتێکی گرنگتر لە ئوتوکردنی جل بە کارەکەی دەبەستێتەوە؛ ئامانەت پارێزییە، ئەو دەڵێت، زۆرجار لە گیرفانی ئەو جلەی بۆ ئوتوکردن دێن، شتی گرنگ و نهێنی ماوەتەوە و ئەوان خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لە پاراستنی ئەو شتانە و گەڕاندنەوەیان بۆ خاوەنەکەی.

یەکێک لەو یادەوەرییە سەیرانەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومەتی بەعس، کاتێک جلێکی بۆ ئوتوکردن هێنراوە و لە گیرفانەکەیدا ناوی چەند كەسێكی داواکراو ی تێدا بووە، نەیهێشتووە کەس لە هاوکارەکانی و خودی خاوەن جلکە بزانێ، دوای شۆردن و ئوتوکردن لیستی ناوەکانی بۆ تێکردووەتەوە، لە حاڵەتێکی تریشدا، لە جلێکدا 50 وەرەقەیان دۆزیوەتەوە و بێ ئەوەی دەستیان لێ بدەن، گەڕاندوویانەتەوە بۆ خاوەنەکەی.

هەندێک جار چیرۆکەکە بە جۆرێکی تر کۆتایی دێت؛ وەستا عومەر دەڵێت، جلێکیان بۆ ئوتو هێناوە و پاش چوار یان پێنج ساڵ، خاوەنەکەی هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆی، بەڵام ئەو جلە هەر لە دوكانەكەیدا ماوەتەوە، وەک ئامانەتێک کە خاوەنەکەی هەر رۆژێک دەتوانێت بگەڕێتەوە و بیباتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا