لە سەیدسادق بە تانکەر کێشەی کەم ئاوی چارە دەکرێت

+964

محەمەد عومەر -هەڵەبجە

دانیشتوانی گەڕەکی بەختیاری قەزای سەید سادق، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانییان کرد و دەڵێن “لە 24 کاتژمێر تەنیا چوار کاتژمێر کارەبامان هەیە”.

کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی کانوونی دووەم، دانیشتوانی گەڕەکی بەختیاری قەزای سەیدسادق لە رێگای سەرەکی گەڕەکەکە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، دەڵین تا گرفتەکەمان چارە نەکرێت، خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبێت.

بورهان علی، دانیشتوی گەڕەکی بەختیارییە، بە تۆڕی964ی وت  “بەتەواوی بێزار بووین بەدەست قوڕ و چڵپاو و کەم ئاوی، حکومەت نایەت بە هانامانەوە، لە 24 کاتژمێر تەنیا چوار کاتژمێر کارەبامان هەیە”.

حاجی بکر، بەشداربووی خۆپیشاندانەکە بوو، دەڵێت: بۆ چەندینجار چوونەتە لای قایمقام و بەڕێوەبەرایەتی ئاو بەڵام کێشەکەیان بۆ چارە نەکراوە.

حاجی بەکر، ئەوەشی وت “ئەگەر ئەو مزگەوتە نەبێت لە تەنیشتمانەوە قەترەیەک ئاو لە ماڵمان نابێ”.

دوای چەند کاتژمێر خۆپیشاندان، هیچ لایەنێکی حکومی بەدەنگیانەوە نەهات، تۆڕی 964، پەیوەندی کرد بە دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق، ئەو دەڵێت داواکانیان رەوایە.

قایمقامی سەیدسادق، بە تۆڕی964ی وت  “تێبینیمان کردووە ئاو بەباشی ناگاتە ماڵەکان، لەبەر ئەوەی کارەبای نیشیمانی لە سەیدسادق کەمبۆتەوە، ئەو کاتەی ئاو بەردەدرێتەوە ئەوان کارەبایان نابێت، بۆیە ناتوانن سوودی لێ وەربگرن”.

بە گوتەی دیاری رەفیق، بڕیاردراوە، بە تانکەر ئاو بگەیەنرێتە ماڵەکانی گەڕەکی بەختیاری، بەڵام کێشەی نەبوونی شۆفیری تراکتۆر هەیە و بەدڵنیایی لە دوو رۆژی داهاتوو چارەسەر دەبێت.

گەڕەکی بەختیاری، دەکەوێتە باکوری قەزای سەیدسادق، ژمارەی دانیشتوانی گەڕەکە 50 ماڵە.

راستەوخۆی +964