حەوت خولەک جارێک مۆبایلێک دزراوە

لە لەندەن بایی 86 ملیار دینار مۆبایل دزراوە

بڵند عەلی – لەندەن

لە شەقامەکانی لەندەن، دزینی مۆبایل بووەتە کێشەیەکی جددی و بەڵا بۆ پۆلیس، بە جۆرێک بەهای مۆبایلە دزراوەکان لە ساڵی 2024 بە نزیکەی 50 ملیۆن پاوەند بەریتانی خەمڵێندراوە.

بەپێی نرخی ئاڵوگۆڕ دراوەکان، نزیکەی 1.735 دینار بۆ هەر پاوەندێکی بەریتانی، ئەو بڕە پارەیەی کە دزییەکەی بە پاوەند پێ خەمڵێندراوە دەکاتە نزیکەی 86 ملیار و 750 ملیۆن دیناری عێراقی.

داتاکان نیشانی دەدەن لە ساڵی 2025دا نزیکەی 71.391 مۆبایل لە لەندەن دزراون، بەڵام ئەمە بەراورد بە 81.365 حاڵەت لە 2024دا تۆمارکراوە، کەمبوونەوەیەک بە رێژەی  12.3% نیشان دەدات.

پۆلیس و لێکۆڵەرەوەکان ژمارەکەیان خەمڵاندووە، دەرکەوتووە حەوت خولەک جارێک مۆبایلێک دزراوە.

لە هەمان کاتدا، پۆلیس داد و بێدادیەتی لەدەست گرفتەکە و داوای لە کۆمپانیاکان کردووە، ئالیەتێک دیاری بکەن بۆ دۆزینەوەی لۆکەیشنی مۆبایل و شوێن پێی دزەکان، وە دەڵێن، بەشێک لە مۆبایلە دزراوەکان بە شێوەی رێکخراو بۆ دەرەوەی بەریتانیا دەنێردرێن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا