دەبێ دەیان ملیار دینار بگەڕێننەوە

سێ بەرپرسی عێراق لەسەر گەندەڵی سزا دران

کاروان ساڵحی – کەرکوک

سێ بەرپرسی عێراق لەسەر گەندەڵی سزا دران و دەبی دەیان ملیار دینار پارەی براوە بگەڕێننەوە خەزێنەی حکومەت.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە نوسینگەی کەرکوکی دەستەی دەستپاکی عێراق بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ لە دوو دانیشتنی جیاوازدا، موسەنا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەزم بە شەش ساڵ زیندانی و ناچارکردنی بە گەڕاندنەوەی 30 ملیار دینار سزا دراوە، هەروەها زیاد جەنابی، پەرلەمانتاری عێراق بە پێنج ساڵ زیندانی و ناچارکردنی بە گەڕانەوەی چوار ملیار دینار سزا دراوە”.

دوێنێش 28.10.2026 لە دادگای بەغدا، حسێن تالیب بەرێوەبەری گشتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقی بە هەشت ساڵ زیندانی و ناچارکردنی بە گەڕاندنەوەی بڕی 55 ملیار دینار سزا درا.

سەرچاوەکە وتیشی، سەرجەم ئەو کەسانە دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستگیرکراون و چەندین دانیشتنی دادگا ماوە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی تۆمەتبارانی دیکە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری