"نان دروستکردن چێژبەخشە"
کاوە عەبدوڵا: تێگەیشتم پیشە گۆڕین ترسی ناوێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
وا چوار ساڵە ئەزموونی دروستکردن و بەڕێوەبردنی خواردنگەیەکی نانی بەیانی دەکات، ئەو لە گوندێکی دامێنی شارەزوور، کە خەڵک هاتوچۆی دوو پارێزگا و دەروازە سنورییەکانی لێوە دەکەن لە دەستپێکردن بە پیشەکی نوێ ترسی شکا.
ئەو کاوە شێخ عەبدوڵایە کە پێشتر رۆژنامەوان بوو ئێستا وەستایە، لە گوندی کانی پانکەی قەزای سەیدسادق خواردنگەیەکی تایبەت بە نانی بەیانی بەڕێوەدەبات، لە سلێمانییەوە بچی بەرەو هەڵەبجە و بە پێچەوانەوە بە بەردەم خواردنگەکەی ئەودا تێدەپەڕی.
بەیانیان زوو بۆ کارەکەی ناوی خوای لێ دەهێنێت و لە سلێمانییەوە دەگاتە گوندەکە، هەر گەشتە ئەوێ لەگەڵ هاوکارەکانی، دەست بە ئامادەکردنی، (ماست، قەیماغ، هێلکە و رۆن، مەخڵەمە، پەنیر، زەیتوون و هەنگوین) دەکەن.
کاوە نەیشاردەوە، دەستپێکی کارەکە دەروونییەن ئامادە نەبووە، لە رۆژنامەوانییەوە بۆ نانی بەیانی پیشەکەی بگۆڕێت، بەڵام پاش ئەزموونکردنی بۆی دەرکەوتووە ئەوەشی پێ دەکرێت، ئەو بە 964ی وت، “کارە نوێیەکەی لە خەڵکی دانەبڕیوە، ئەو رۆژنامەنووسە هاو پیشانەشی لەگەڵی بوون، ئێستا بە وەستا بانگی دەکەن”.
پەیامنێری 964 زیاتر لە 30 کیلۆمەتری بڕی و بەیانییەک سەردانی کرد و فیچەرێکی لەبارەی ئەزموونی پیشەکەی بەرهەم هێنا، ئەو پێی وایە هەلی کار هەیە، دەڵێت، “من کاتێک هاتمە ئەم گوندە دەوترا هەلی کار نییە، لەم چوار ساڵەی لەم گوندەدا کار دەکەم 15 گەنجی ئەم گوندە چوونەتە دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا خۆم ساڵ بە ساڵ بازاڕم باشتر بووە”.
کاوە سەرەتا زۆر لەلای قورس بوو دروستکردنی نانی ژەمەکان، بەڵام خۆی کاتێک دەستی بە دروستکردنی نان کردووە، بەهۆی ئەوەی کاردانەوە و را دەربڕین هەبووە لەسەر تام و چێژەکەی، ئێستا بووە بە یەکێک لە کارە چێژ بەخشەکان لەلای، کاوە عەبدوڵا، لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر رۆژنامەوانەکانی هاوڕێی بیانەوێت پیشەکەیان بگۆڕی چی کارێک بکەن؟، ئەو وتی، “پێیان دەڵێم، من نانی بەیانیم داناوە، ئێوە نانی نیوەڕۆ و ئێوارە دابنێن”.
ئەو تێکەڵکردنی نەعنا، لیمۆ و خەیار لەگەڵ ئاو، وە دواتر کوڵاندنی و پاڵاوتنی بە ئاوی حەیات ناو دەبات، ئەو ئۆفەرەشی هەمووکەس ناگرێتەوە، لە دوکانەکەیدا، وێنەی کەڵەشێرێک هەیە کە لەناو خۆرێکدا نەخشێندراوە، ئەوەش وەک هێمایەک بۆ بەیانیان دانراوە، وێنە ژمارەیەک هونەرمەند و ناوداری کورد لە دوکانەکەیدا هەڵواسراون، کاوە عەبدوڵا وتی، “تاکە پێوەری دانانی ئەو وێنانە ئەوەیە، کورد بن و بۆ کورد ژیا بن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا