شوێنەوارێکی 165 ساڵە
لە ژێر ناونیشانی “قشڵە بۆ فرۆشتن نییە” رۆشنبیرانی بەغدا گردبوونەوە
پەری ساڵح
دەیان خاوەن کتێبخانە، رۆشنبیر و نووسەر لەبەردەم دەروازەی مێژوویی “قشڵە” لە بەغدا گردبوونەوە، ئەمەش وەک رەتکردنەوەیەک بۆ پلانی حکومەت کە دەیەوێت ئەم شوێنەوارە تەمەن 165 ساڵە بداتە کەرتی تایبەت و بیگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی بازرگانی، چێشتخانە و کافتریا.
بیلال ستار، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی بڵاوکردنەوە و کتێبفرۆشانی بەغدا بۆ 964 رایگەیاند، ئەم پرۆژەیە نادادپەروەرییەکی گەورەیە بەرامبەر بە خاوەن کتێبخانەکان و مێژووی عێراق،ئێمە هەوڵماندا پێش کەمپەینەکە لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری کۆببینەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکمان نەبوو، بۆیە داوا دەکەین دەستبەجێ گرێبەستی ئەو وەبەرهێنەرە هەڵبوەشێنرێتەوە.
قشڵە، وەک یەکێک لە گرنگترین سیمبولە کولتووری و مێژووییەکانی پایتەختی عێراق تەماشا دەکرێت، خۆپیشاندەران دەڵێن، چۆڵکردنی ئەم شوێنە بۆ پرۆژەی بازرگانی، “کوشتنی رۆحی رۆشنبیریی ناوچەکەیە و سیمای شارستانی بەغدا دەشێوێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی ساڵ و نیوێکە بیناکە بە بەهانەی نۆژەنکردنەوە بە رووی هاووڵاتیاندا داخراوە.