"ژیان یانی گوڵ و سەوزایی"

کارمەندێک لە خۆشەویستی بۆ ئیشەکەی ژوورەکەی بە گوڵ و گوڵزار رازاندووەتەوە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

لە ناو بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی کارمەندێک لە خۆشەویستی بۆ ئیشەکەی ژوورەکەی بە گوڵ و گوڵزار رازاندووەتەوە و هەر کە دەچیتە ژوورەوە هەست دەکەی لەناو باخچەیەک دای.

وەعدییە ئەحمەد لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری کارگێڕییە لەو بەڕێوەبەرایەتییە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “پێنج بۆ شەش ساڵە دەبێ بەم شێوەیە ژوورەکەم رازاندووەتەوە و هەمووی گوڵەکانیش خۆم هێناومن و گەورەم کردوون”.

“ژیان یانی گوڵ و سەوزایی، هەر کەسێک دێتە ژوورەکەم، تەسویری دەکات و دەستخۆشیم لێ دەکات”، وەعدییە ئەحمەد وادەڵێت.

باسی لەوەشکرد، ئامادە نییە تەنانەت یەک چڵیش لە گوڵەکانی بدات بە کەس، دەشیهەوێ زیاتر لەوە ژوورەکەی سەوز بکات، بەشێوەیەک کە دیوارەکەشی سپیایی تێدا نەمێنێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری