هێلکە پێنجی بە هەزارە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

نرخی کارتۆنێک هێلکە لە بازاڕەکانی سلێمانی نزیکەی 14 هەزار دینار دابەزی، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، پێشبینی دەکەن هەرزانتریش بێت.

سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، “بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی کارتۆنێک هێلکە لە 79 هەزار دینارەوە دابەزیوە بۆ نزیکەی 65 هەزار دینار و پێشبینی دەکەین هەرزانتریش بێت.”

لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی هێلکە، سۆران عەبدولغەفور وتی، ئێستا بەرهەمی ناوخۆ زۆر بووە و کەمتریش هەناردەی باشوور و خواروی عێراق دەکرێت.

هەفتەی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، دووکاندار و مارکێتەکان چوار هێلکەیان بە هەزار دینار دەفرۆشت، ئێستا پێشبینیدەکرێت پێنج هێلکە ببێتەوە بە هەزار دینار.

کارتۆنێک هێلەکە 12 تەبەق هێلکەی تێدایە و هەر تەبەقێک 30 دانەی تێدایە، لە بازاڕەکاندا هەر تەبەقێکی بە شەش بۆ شەش هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان 33 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، لە هەولێر 15 پڕۆژە، سلێمانی 11 پرۆژە، دهۆک پێنج پڕۆژە و لە ئیدارەی گەرمیانیش دوو پڕۆژە.

هەرێمی کوردستان ساڵانە 919 ملیۆن و 800 هەزار هێلکە، هەرناردەی دەرەوە دەکات.