لە رۆژی پێنجشەممەوە

وەزارەتی کارەبا خزمەتگوزاری پارەدان بۆ ماوەیەک دەوەستێنێت

توانا نەقی

خزمەتگوزاریی پارەدان بۆ ماوەیەکی کاتی دەوەستێت بەهۆی پەرەپێدانی سیستەمەکانی کارەبا، و ماوەی چوار رۆژ کاری تیادا دەکرێت و دوایی ئاسایی دەبێتەوە.

وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویکردەوە، خزمەتگوزاری پارەدان لە سەکۆی ئی-پسوولە و بنکەکانی فرۆشیاریی ووزە بەهۆی پڕۆسەی پەرەپێدانی سیستەمەکانی وەزارەتی کارەبا لە ڕۆژی پێنجشەممە 11ی مانگی شەش کاتژمێر 2:00ی پاش نیوەڕۆ رادەوەستێت و تاوەکو رۆژی دووشەممە، 15ی مانگ بەردەوام دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر پارەدانێک ئەنجامدرابێت پێش وەستانی خزمەتگوزارییەکە لە 11.6.2026 کاتژمێر 2:00ی نیوەڕۆ یاخود دوای 15ـەی شەش سەرکەوتووانە تۆماردەکرێت، ئەگەر لە ڕێگەی سەکۆی ئی-پسوولە یان بنکەکانی فرۆشیاری ووزە بێت.

وەزارەتی کارەبا دەڵێت، ئەم راوەستانە کاتییە لە خزمەتگوزاری پارەدان بەهۆی پەرەپێدانی سیستەمەکانی وەزارتی کارەبا روودەدات، ئەمەش بۆ باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەرانە لە تەواوی کوردستان، لە ناویاندا ناوچە دوورەدەستەکان.