"چوار مانگە یەک فلسمان پێنەداوە"
لە سبەینێوە مانگرتنی سەرتاسەری لە نەخۆشخانەکانی کەرکوک دەستپێدەکات
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پزیشکانی گرێبەستی کەرکوک لە بەردەم نەخۆشخانەی ئازادی گردبونەوە ئامادەکار دەکەن هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق لە سبەینێوە مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیەنن، یەکێک لە پزیشکەکان دەڵێت، هۆکارەکەی ئەوەیە چوار مانگە دەوام دەکەن و موچەیان پێنەدراوە.
پزیشکەکان لە هەریەک لە نەخۆشخانەکانی ئازادی، کەرکوکی گشتی، ژنان و منداڵانی نەسڕ، حەویجە و داقوقن.
ئیسماعیل فەریق یەکێکە لە پزیشکە گرێبەستەکان بە 964ـی وت، بڕیاریان داوە سبەێنی مانگرتن رابگەیەنین لە سەرجەم نەخۆشخانەکان و دەڵێت “دەرچوی ساڵی 2023 – 2024 ین و ماوەی ساڵ و نیوێک لە ماڵ دانیشتین و پاشان بە گرێبەست دامەزراین کە ئەوەش مافی خۆمان نیە، چونکە دەبو موچەمان ملیۆنێک بێت بەڵام تەنیا 350 هەزار دینارمان بۆ داندراوە”.
هیبە محەمەدیش پزیشکێکی دیکەیە بە 964 ی وت “ماوەی چوار مانگە دەوام دەکەین تاوەکو ئێستا یەک فلسیان پێنەداوین وەک موچە، دەشیانەوێت موچەی 400 هەزارمان بۆ ببڕنەوە ئێمەش رازی نین”.
ئاماژەی بەوەشکرد دەیانەوێت وەک ئەوانەی پێش خۆیان موچەکانیان لە سەرووی ملیۆنێک دینار بێت، بۆیە دەڵێت “دەست بە مانگرتن دەکەین و دەوام نەکەین و دەگەرێنە ماڵەوە، تاوەکو چارەسەری کێشەکەمان دەکەن”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن