بە یەکجار زیاتر لە 5000 پاشماوەی جەنگی لەناوبرد
لە گوندێکی ئامێدی نزیکەی 20 هەزار مەتر زەوی لە مین پاککرایەوە
فەرهاد حەسەن
دەزگای کاروباری مینی هرێمی لە دوو چالاکی جیاوازدا نزیکەی 20 هەزار مەتر زەوی لە ناحیەیەکی ئامێدی لە مین پاککردەوەو لە ناحیەیکی ئیدارەی سۆرانیش بە یەکجار زیاتر لە پێنج هەزار پاشماوەی جەنگی لەناوبرد.
لە دهۆک، تیمەکانی مینلابەری لەگەڵ تیمێکی میکانیکی شۆفڵ و حەفارە دوای ئەوەی ماوەیەکە کاریان لە زەویەکی پیسبوو بە مین تەقەمەنی کرد ئەمڕۆ رایگەیاند کە کۆتاییان بە پاککردنەوەی زەویەکە هێناوە.
زەویەکە دەکەوێتە گوندی سیارێ لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزا ئامێدی و کۆدی زەویەکە IK10007 بوو بە رووبەری 19 هەزار و 675 مەتر چوارگۆشە پاککرایەوە کە 50 مین تەقەمەنیان لێ گەڵگرتەوە.
کاروباری مین هەولێریش رایگەیاند، لە رێگەی تیمی لەناوبردنی کەرەستە تەقەمەنییەکان (EOD) لەناوبردنێکی بەکۆمەڵیان لە چیای (بەردەبووک) سەر بە ناحیەی (گەڵالە) ئەنجامداوە، کە پێشتر ژمارەیەکی زۆر لە کەرەستە تەقەمەنییە نەتەقاوەکان لەلایەن تیمە تایبەتەکانەوە کۆکرابوونەوە و بۆ شوێنی لەناوبردن گوازرابوونەوە.
کۆی ئەو مین و پاشماوە جەنگییانەی لەناو براون بریتی بووە لە پێنج هەزار و 169 دانە.