دیمەنی یەکێک لە چێشتخانەکان لە هێرشی کراوەتەسەر. فۆتۆ:X
"به مادده‌ی تیرۆر"
ئه‌وانه‌ی هێرشیانكرده سه‌ر چێشتخانه‌كان ده‌ستگیر كران
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی ژماره‌یه‌ك لەو کەسانەی راگەیاند، کە هێرشیان کردووەتە سەر چێشتخانە و ناوەندە بازرگانییەکان لە بەغدا.
بەیاننامەیەکی وەزارەت، کە كۆپییه‌كی بۆ 964 نێردراوه، ئاماژەی بەوە کردووە، “لە ماوەی رۆژانی 26، 27 و 30.5.2024 رووداوی تێکدان و فڕێدانی بۆمب بۆ چێشتخانەكانی KFC و جێلی هاوس و لایز، هه‌روه‌ها پەیمانگای کامبریج لە ناوچەی شەقامی فەڵەستین، کۆمپانیای کاتەرپیلەر لە ناوچەی کەڕاده لە جادرییە، لەلایەن کەسانێکەوە ئه‌نجامدراوه، کە 7 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕیان پێبووه”.
به ئاشكرا هێرشكرایه سه‌ر چێشتخانه‌كانی KFC له به‌غدا
هه‌روه‌ها هاتووه: “دوای کۆکردنەوەی زانیاریی دروست، ناوی تاوانباران و شوێنی کار و نیشتەجێبوونیان دیاری‌کرا، هەروەها بابەتەکە خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، کە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 4 فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ تاوانباران دەرکرد لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا”.
“لە ئۆپەراسیۆنێکدا ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیرکران کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە، کە لەگەڵ کۆمەڵێک تۆمەتباری هەڵهاتوو بەشدارییان کردووە لەو کردەوە تێکدەرانەی سەرەوەدا، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی تۆمەتبارانی دیکە دەرچووە، ته‌واوی داواکراوانیش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت”، به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ وا ده‌ڵێت.
ئه‌وه‌ش ئاشكرا كراوه، هەندێک لە تۆمەتبارەکان سەر بە ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراقن و ئێستا به پێی یاسا راگیراون، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ند بكرێن.
جگه له‌و هێرشانه‌ی كۆتایی مانگی رابردوو كراوه‌ته سه‌ر چێشتخانه و برانده بازرگانییه‌كانی بیانی له به‌غدا، دوێنێ شه‌ویش هێرشكراوه‌ته سه‌ر چێشتخانه‌یه‌كی KFC و ڤیدیۆكهشی بڵاوكرایه‌وه.
ئه‌و گرووپانه هێرشه‌كان ده‌كه‌ن، له ژێر ناوی دژایه‌تی ئیسرائیل و پاڵپشتیكردن له خه‌ڵكی غه‌زه هێرشه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، لە تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیاش داوا له خه‌ڵك ده‌كه‌ن هێرش بكه‌نه‌سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا.