"چادر هەڵدەدەین"

خورماڵییەکان دەیانەوێ حکومەت ببینن؛ قایمقامیان نییە

ئەحمەد مستەفا

زیاتر لە دوو ساڵە فەرمانی بەقەزابوونی خورماڵ دەرچووە، چالاکوانەکانی دەڵێن، “بەداخەوە ئەو فەرمانە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، و تائێستا قایمقاممان بۆ دانەنراوە”.

خورماڵ یەکێک بوو لە چوار ناحیەکەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کە تاوەکو ئێستا پارێزگاکە تەنیا یەک قەزای هەیە و ئەویش هەڵەبجەیە؛ جگە لە هەڵەبجە و خورماڵ، سێ ناحیە لە سنووری پارێزگاکەدا هەن؛ بیارە، بەمۆ و سیروان.

بەگوێرەی ئاماری پارێزگاری هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لەنێوان 126 بۆ 130 هەزار کەسدایە، تەنیا خورماڵ زیاتر لە 19 هەزار کەسی تێیدا دەژین، وە لە تەممووزی 2023 وە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەی پەسەند کرد.

لەبارەی نیگەرانیەکانی خورماڵ چالاکوانەکان پەیامێکیان بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی ناردووە، نوعمان عەلی، دانیشتووی قەزای خورماڵە ئەو بە 964ی وت، دەزانین چەندین ناحیە دوای خورماڵ بوونەتە قەزا و راستەوخۆ قایمقامی بۆ دانراوە و فەرمانەکان جێبەجێکراوە.

لەو پەیامەدا کە 964 دەستی کەوتووە، چالاکوانان و دانیشتوانی خورماڵ داوای بینینی راستەوخۆی سەرۆکی حکومەت یان جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەن بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە.

ئەوان لە بەیاننامەکەدا دەڵێن، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەیان لە ماوەی دوو هەفتەدا رێکاری مەدەنی دەگرنەبەر و چادری ناڕەزایەتی هەڵدەدەن، وە دەڵێن، ناکرێت دوای دوو ساڵ لەدەرچوونی فەرمانی حکومەت و فەرمانی هەرێمی، ئەو پرسە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە.

دەقی بەیاننامەکەیان؛ 
بەڕێز/ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەڕێز/ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەت/ داواکاری

وەک ئاگادارن زیاتر لە دوو ساڵە فەرمانی بەقەزابوونی خورماڵ دەرچووە، بەڵام بەداخەوە ئەو فەرمانە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی لای دانیشتوانەکەی دروستکردووە، لەکاتێکدا چەندین ناحیە دوای خورماڵ بوونەتە قەزا ڕاستەوخۆ قائیمقامی بۆ دانراوە و فەرمانەکان جێبەجێکراوە، لەئێستاشدا چالاکوانان و دانیشتوانی خورماڵ داوای بینینی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکومەت یان جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەن بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەیان لەماوەی دوو هەفتەدا ڕێکاری مەدەنی دەگرنەبەر و چادری ناڕەزایەتی هەڵدەدەن، ناکرێت دوای دوو ساڵ لەدەرچوونی فەرمانی حکومەت و فەرمانی هەرێمی، ئەو پرسە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، بەهیوای وەڵامدانەوەی داواکارییەکان.

چالاکوانانی قەزای خورماڵ

1 ئایاری 2026