ئێزدییەکان

دوای 70 ساڵ؛ بۆ یەکەمجار جەژنی “چوارشەممەسور”لە رۆژئاوای کوردستان پیرۆز کرا

964+
گەرناس مەعۆ

بۆ یەکەمجار لە مێژووی حەوت دەیەی رابردوودا، ئێزیدییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، جەژنی “چوارشەممەی سەری ساڵ” (چوارشەممەسور)یان بەشێوەیەکی فەرمی و لەژێر چاودێری دامەزراوەیەکی مۆڵەتپێدراودا پیرۆز کرد.

مەراسیمەکە لە لایەن “دامەزراوەی ئێزیدی بۆ کولتوور و گەشەپێدان” رێکخرابوو، لە گوندی “ئۆتڵەجە” سەر بە دەڤەری تەربەسپێ و لە مەزارگەی “دیاری فەلەکی” بەڕێوەچوو. ئەوەی ئەم ساڵەی لە ساڵانی رابردوو جیا کردەوە، ئەنجامدانی چالاكییەکان بوو لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمی مۆڵەتپێدراو کە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە دوای ساڵی 1950وە دەبینرێت.

مەراسیمەکە تەنیا بۆ ئێزیدییەکان نەبوو، بەڵکو بە بەشداریی فراوانی نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە (کورد، عەرەب و سریانی) و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا پەیامی پێکەوەژیان و ئاشتی دووپاتکرایەوە.

لە چوارچێوەی بەرنامەی جەژنەکەدا، رێوڕەسمی ئایینیی “داگیرساندنی جەرا” (چرا) ئەنجامدرا، کە یەکێکە لە نەریتە دێرینەکانی ئایینی ئێزیدی لەم جەژنەدا. هەروەها چەندین چالاکیی هونەری، میوزیک و تابلۆی هەڵپەڕکێی فۆلکلۆری (دەبکە) پێشکەش کران کە رەنگدانەوەی رەسەنایەتی کولتووری ناوچەکە بوون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

جەژنی چوارشەممە سورەی ئێزیدییەکان

جەژنی چوارشەممە سورەی ئێزیدییەکان