میدیای ئۆپۆزیسیۆنی ئێران

هەوڵ دەدرێت عەباس عێراقچی لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بڵاویانکردەوە کە مەسعوود پزیشکیانی سەرۆک کۆمار و محەمەد باقر قالیبافی سەرۆکی پەرلەمان پاڵپشتی لەکارلابردنی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەن، بەهۆی ئەوەی گوایا ملکەچی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانە لە میانی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکادا.

بەگوێرەی راپۆرتی ئێران ئینتەرناشناڵ، کە کەناڵێک لە دەرەوەی ئێرانەوە پەخش دەکات، بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار، پزیشکیان و قالیباف پێیان وایە کە عێراقچی لە چەند هەفتەی رابردوودا لە کاتی دانوستانەکاندا وەک یاریدەدەری ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران مامەڵەی کردووە، نەک وەک وەزیرێک لە حکومەتێکدا، کە ئەرکی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە ژێر سەرکردایەتی پزیشکیان پێسپێردراوە.

سەرچاوەکە دەڵێت، عێراقچی لە ماوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن لە چەند هەفتەی رابردوودا بەبێ ئاگادارکردنەوەی سەرۆک کۆمار و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ و لە ژێر ئاراستەی وەحیدیدا هەڵسوکەوتی کردووە، ئەمەش رەنگدانەوەی درزێکی بەردەوامی نێوان سەرکردایەتی سیاسی و سەربازییە، وەک سەرچاوەکە گوزارشتی لێکردووە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم کارەی عێراقچی بە قووڵی ناڕەزایی مەسعود پزیشکیانی لێکەوتووەتەوە، کە دەوترێت بە کەسانی نزیکی خۆی وتووە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، وەزیری دەرەوە لە کارەکەی دووردەخاتەوە.

ئێران ئینتەرناشناڵ دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا راپۆرتەکان ئاماژەیان بە دووبەرەکیی توند لە نێوان کاربەدەستانی ئێران سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ واشنتۆن کردووە.

هەروەها ئەوەش رووندەکاتەوە، لە کۆتایی مانگی ئاداری رابردوودا، راپۆرتەکان ئاماژەیان بە ناکۆکیی توندی نێوان پزیشکیان و وەحیدی کردووە، کە ئەمەی دوایی بە بەهێزترین کەسایەتی ناو سوپای پاسداران وەسف دەکرێت.

ترەمپ: ئێران دەیەوێت بگەنە رێککەوتن بەڵام من رازی نیم

ترەمپ: ئێران دەیەوێت بگەنە رێککەوتن بەڵام من رازی نیم