وردەکاری لابردنی سزاکانیان

ئەنجومەن بۆ بانکە سزادراوەکانی عێراق دادەنرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

گفتوگۆکان دوور لە چاوی میدیا بەڕێوەدەچن بۆ چۆنیەتی خستنەوەکاری (مامەڵەی بانکە سزادراوەکان بە دۆلاری ئەمریکی لە عێراق)، شرۆڤەکارێکی سیستمە داراییەکان دەڵێت، “هەردوولا (ئەمریکا و عێراق) بڕیاریان داوە، ئەنجومەنێکی هاوبەش دروستبکەن، بۆ سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی بانکە سزادراوەکانی عێراق”.

بەهۆی پابەند نەبوون بە یاساکانی بانکی ناوەندی و سیستمی بانکی نێودەوڵەتییەوە تا ئێستا 21 بانک لە عێراق لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون و هەشت بانکی تریش لە ژێر چاودێریدا ماونەتەوە، ئەو بانکانە ناتوانن مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی بکەن، چونکە ئەمریکا “تۆمەتباری کردوون بە سپیکردنەوە و ناردنی دۆلار بۆ وڵاتانی قەدەغەکراو، لەوانە ئێران و سوریا”.

بە گوێرەی زانیارییەکانی شرۆڤەکار بیلال رەئوف بێت کە وێنەیەکی بە 964 گەیشتووە، “ئەو ئەنجومەنانەی دروست دەکرێن، لە نوێنەرانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بانکی ناوەندی عێراق و نوێنەری بانکە سزادراوەکان پێک دێت و لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت”.

هەر ئەوەندە نا، بەڵکو رێککەوتنە بەجۆرێکە کە، “دەبێت گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی بانکەکان بکرێت بەشێوەیەک، بانکەکان پێویستە ئەنجومەنێکی نوێی بەڕێوەبردنیان بۆ دروستبکرێت و هیچ بانکێک ناتوانێت بەردەوامبێت ئەگەر ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی نەبێت و نەناسراوبێت” بیلال رەئوف وای وت.

وەک رێکارێکیش بۆ سەرەتا کار و مامەڵە بە دۆلار، سەرەتا بەبڕی دیاریکراو رێگەیان پێدەدرێ مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن بیلال رەئوف دەڵێت، “سەرەتا تا پێنج ملیۆن دۆلار پاشان بۆ 10 ملیۆن دۆلار بەرزدەکرێتەوە و بەردەوام دەبێت تا ئاساییبوونەوەیان”

بە گوێرەی رێککەوتنی بەدەستهاتوو بیت، هەوڵدەدرێت سەرمایەی ئەو بانکەکان زیادبکرێن بۆ 250 ملیار دینار، هەروەک دەبێت کارەکانیان شەفاف و رونبێت و چاکسازی بکەن لەسیستەم و شێوازی بەڕێوەبردنیان، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راستەوخۆ دەستی بگات بەداتا و زانیاریەکانییان.

لە دواین خستنەڕوودا، بانكی ناوه‌ندی عێراق، 278 ملیۆن و 525 هه‌زار و 332 دۆلاری خستۆته‌بازاڕه‌وه‌، كه‌ 238 ملیۆن و 120 هه‌زار و 332 دۆلاری به‌شێوه‌ی حه‌واڵه‌، هه‌روه‌ها 40 ملیۆن و 405 هه‌زار دۆلاریشی به‌شێوه‌ی كاش بووە.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ئەمڕۆ  سێشەممە، له‌بازاڕی دراو لە سلێمانی بە 964 دراون، به‌های 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە، بەڵام لە کاتی داختسن به‌های 100 دۆلار به‌رامبه‌ر بووە به‌ 148 هه‌زار و 250 دینار، لە کاتێکدا پێشتر هەمان بڕ بە 150,000 یان 152,000 مامەڵەی پێوەکراوە، رەنگە گفتوگۆکان و خستنەڕووی زیاتر دۆلار بۆ بازاڕ کاریگەرترین هۆکار بووبن.

سودانی: ئەو بانکە ئەهلیانەی دۆلار دەبەنە بازاڕ و دەیفر...

سودانی: ئەو بانکە ئەهلیانەی دۆلار دەبەنە بازاڕ و دەیفرۆشنەوە سزا دەدرێن

بانکی ناوەندی بۆ بانکە سزادراوەکان: مامەڵە بەهەموو پار...

بانکی ناوەندی بۆ بانکە سزادراوەکان: مامەڵە بەهەموو پارەیەک بکەن دۆلار نەبێت