هێزی دەریایی ئەمریکا چاودێری رێڕەوە ئاوییەکانی ئێران دەکات – وێنە؛ سێنتکۆم
سێنتکۆم: رێڕەوی 82 کەشتیمان گۆڕیوە
پزیشکیان: لەکاتی جێبەجێکردنی لێتێگەیشتنەکە 90 ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردە کردووە
شۆڕش قادری
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، لەکاتی جێبەجێکردنی لێتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکا 90 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردە کردووە و سێنتکۆمیش دەڵێت، رێڕەوی 82 کەشتیان لە ئاوەکانی نزیک ئێران گۆڕیوە.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، لەکاتی جێبەجێکردنی لێتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکا 90 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردە کردووە و ئێستا ناتوانن ئەو کارە بکەن.
بەقسەی پزیشکیان، بەشێکی ئەو نەوتە بووە کە لەناو دەریا راگیرابوو و بەشێکیشی، ئەوە بووە کە لە ناوخۆی ئێران ماوەتەوە و رێگە لە هەناردەکردنی گیرابوو.
دوای ئەو قسانەی پزیشکیان، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە دوا پۆستی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە کە لە سەرەتای سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، رێڕەوی 82 کەشتیان لە گەرووی هورمز و ئاوەکانی نزیک ئێران گۆڕیوە، سێ کەشتیان لەکارخستووە و چوونەتە سەر دوو کەشتی دیکە و پشکنینیان بۆیان کردووە.
براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆمیش رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بە بەشداری هەزاران سەرباز و زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی و سەدان فڕۆکە هێشتا بەردەوامە.