بۆ پاراستنی مۆسیقا و میراتی کلتوورییە
زانکۆی سلێمانی پشتیوانی دارایی نێودەوڵەتیی بۆ ئەرشیفی دەنگی بەدەستدەهێنێت
فەرهاد حەسەن
زانکۆی سلێمانی، بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی بەرنامەی “ئەرشیفە مەترسیدارەکان” بۆ پاراستنی ئەرشیفی دەنگی راگەیاند، کە پشتیوانییەکە لەلایەن کتێبخانەی بەریتانیا (EAP) بە پاڵپشتیی دامەزراوەی ئارکادیا بەدەستهێندراوە.
پڕۆژەکە بە ناونیشانی (تۆمارە دەنگییەکانی کۆکراوەی ئۆسکار، کوردستان و عێراق،لەنێوان سالانی 1900 تاوەکو 1950 (لەژێر کۆدی EAP1824 KURDA) بۆماوەی 18 مانگ بەردەوامدەبێت، تێیدا د.هەردی کوردە توێژەری سەرەکییە و دامەزراوەی «ئەرشیفخانە» وەک هاوبەشی ئەرشیفیی ناوخۆیی بەشدارە.
مامۆستا رازان عومەر، لێپرسراوی ئۆفیسی گرانت (پشتیوانی دارایی) لە زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی سەرەکی، پاراستنی کۆکراوە دەنگییە مێژووییەکەی (شوان ئۆسکار)ە لە سلێمانی، کە بەشێکی گرنگ لە ژیانی رۆژانە، مۆسیقا و میراتی کلتووری کوردستان و عێراق تۆماردەکات.
وتیشی “بەشێکی گرنگی ئەم تۆمارانە لەسەر کەرەستەی هەستیار و کۆن، وەک تەیپی ریل (بەکرە) و دیسکی شێلاک (قەوان) پارێزراون و لەبەر دۆخی هەڵگرتنیان لە مەترسیی خراپبوون و لەناوچووندان.
شوان ئۆسکار، ناوی کەسایەتییەکی دیاری تۆمارگەی دەنگییە لە سلێمانی کە ناوە راستەقینەکەی (شوان عەبدولڕەحمان مەعروف) خاوەنی تۆمارگەی ئۆسکارە و یەکێکە لە تۆمارگە کۆن و ناسراوەکانی گەڕەکی دەرگەزێن بۆ ئەرشیفکردنی گۆرانی و موزیک، کە لەساڵی 1970 وە ئەم تۆمارگەیەی دروستکردوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
زانکۆی سلێمانی دەڵیت، ئەم پڕۆژەیە لە پاڵ پاراستنی مۆسیقا و میراتی کلتووری ناوچەکە، زەمینە دەسازێنێت بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربەخۆی دیجیتایزکردنی ئەرشیفی دەنگی لەلایەن ئەرشیفخانەوە (کە بەشێکە لە پڕۆژەکانی گەلەری دەنگی سپەیس 21).