سلێمانى

کڵاشى بە تامى سکێچەر؛ بازاڕى گەرمە


دیلان محەمەد جەزا _ سلێمانی

جاران کڵاش، تەنیا بە یەک شێوە و یەک دیزاینی رەسەنی کوردی دەهاتە بەرچاومان، بەڵام ئێستا مۆدێلێکی نوێ کەوتووەتە بازاڕەوە کە تێکەڵەیەکە لە کەلەپوور و مۆدێرنە ئەویش “کڵاشی کالە”یە و دەستکردى خۆمانەیە.

بیرۆکەکە زۆر سادە و لە هەمان کاتدا سەرنجڕاکێشە، بەشی سەرەوەی پێڵاوەکە کڵاشی رەسەنە و ژێرەکەشی بنی کالەیە. ئیتر تۆ ئارەزووی هەر ژێرە پێڵاوێک بکەیت، جا سکێچەر بێت یان هەر جۆرێکی تر، دەتوانیت بەو ژێرە کڵاشێکی مۆدێرن دروست بکەیت. تەنانەت ئەگەر کالەیەکی کۆنیشت هەبێت و قاچت تێیدا ئاسوودە بێت، دەتوانیت بیبەیت و بەشی سەرەوەی بۆ بکەیت بە کڵاش.
لە دوکانى وەستا زاهیر لە شارى سلێمانى، ئەم کڵاشە کالەییە بە هەموو رەنگەکان بەردەستە، هەر ئەوەش نا، ژێرى هەر پێڵاوێکت بووێت، دەتوانى بیبەیتە لاى وەستا زاهیر و ئەویش بە دڵى و بە هەر رەنگێک بتەوێت کڵاشێکت بۆ دەچەسپێنێت.
ئەم جۆرەى کڵاش، بەرهەمى دەستى کارى خۆمانەیە، ژنان بە دەست و پەنجەکانیان بەشى سەرەوەى دەچن و پیاوانیش کارى کەپسکرن و بەستنەوەی کڵاشەکە بە ژێرەکەیەوە ئەنجام دەدەن.
لە هەمووى گونجاوتر بۆ خەڵک نرخەکەیەتى، تەنیا 12 هەزار دینارە، وەستا زاهیر عەلى لەسەر ئەوە بە 964ـى وت: “خواستێکی یەکجار زۆری گەنجانی لەسەرە، تەنانەت گەنج هەیە ئەوەندە ئارەزووی دەکات لە هەموو رەنگەکان جوتێک دەبات.”
ئێستا و تا پێش ئەوەی وەرزی بارانبارین دەست پێبکات، بازاڕی ئەم جۆرە کڵاشە جمەی دێت و رۆژانە خەڵکێکی زۆر بۆ کڕین و دروستکردنی روو لە دوکانەکەی وەستا زاهیر دەکەن، بەڵام لەگەڵ هاتنى باران و وەرزى زستان خواست لەسەرى کەم دەبێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح