2426 کەسیش بێسەروشوێنن

ژمارەی گیانلەدەستداوانی لافاوەکەی نیپاڵ گەیشتە 626 کەس و زیانەکانیش بە ملیاران دۆلارە

فەرهاد حەسەن

کارەساتی لافاو لە نیپاڵ تادێت قوربانیی زیاتر دەبێت، بەپێی نوێترین ئاماری فەرمیی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزبووەوە بۆ 626 کەس و ئەوانەشی تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە گەیشتووەتە دوو هەزار و 426 کەس.

ئەمڕۆ شەممە، تیمەکانی فریاگوزاری بۆ چوارەم رۆژی بەردەوام خەریکی گەڕان و رزگارکردنن، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نیپاڵ و وڵاتی چین، لە لایەنی چینیشەوە بەتایبەتیش لە ناوچەی تبت، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی حەوت کەس و بێسەروشوێنبوونی 554 کەسی تر راگەیەندراوە.

سوارنیم واجلی، وەزیری دارایی نیپاڵ، ئاشکرای کرد، کە وڵاتەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی لافاوەکەوە وێران بوون، پێویستی بە بڕی چوار بۆ پێنج ملیار دۆلار هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم ژمارەیە سەرەتاییە و هێشتا پڕۆسەی خەمڵاندنی زیانەکان بەردەوامە.

ئەم شەپۆلە لافاو وێرانکەرەکە نیپاڵی گرتەوە، بە یەکێک لە قورسترین کارەساتە سروشتییەکانی ساڵانی دوایی لەو ولاتە دادەندرێت و زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی ئابووری و ماڵ و حاڵی هاوڵاتییان گەیاندووە.