هاوکات دەبێت لەگەڵ کشانەوەی هێزەکان لە عێراقدا

BBC: ئیدارەی ترەمپ هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە رادەگرێت

فەرهاد حەسەن

تۆڕی میدیایی (BBC) لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کردووە، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پلانی هەیە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە ببڕێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر فشاری توندی هێرشەکانی ئێراندایە.

بەپێی زانیاریەکانی چوار سەرچاوەی ئاگادار، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەیدا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە، کە واشنتۆن نایەوێت ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە نوێبکاتەوە کە تێیدا هاوکاریی دارایی و سەربازی پێشکەش بە پێشمەرگە دەکرێت و وادەی ئەم رێککەوتنە لە رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026 کۆتایی دێت.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ رۆژی 30ی ئەیلوول، کە تێیدا ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە فەرمی دوایین سەربازەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە،  بەمەش ئەرکی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆتایی دێت و دوایین بنکەی سەربازیی ئەمریکاش کە لە هەولێرە، مانگی داهاتوو دادەخرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی بی بی سی، هێزی پێشمەرگە، کە ژمارەیان بە 180 هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت، لە ساڵی دارایی 2026 دا بڕی 61 ملیۆن دۆلاری وەک مووچە، پڕچەککردن و راهێنان لە ئەمریکا وەرگرتووە، بەرپرسانی کوردیش مەترسی ئەوەیان بۆ دروستبووە کە بڕینی ئەم بودجەیە ببێتە هۆی دروستبوونی “بۆشاییەکی دەسەڵات” و ئێران هان بدات هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕتر بکاتەوە، کە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ 158 هێرشی موشەکی و درۆنی کراوەتە سەر هەرێم.

یەریڤان سەعید، بەڕێوەبەری دەسپێشخەریی کوردی بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی، رایگەیاندووە “ئەمە گورزێکی گەورەیە لە کوردان کە خوێنێکی زۆریان رشت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئێران، چین و رووسیا.

ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە کەمتر لە ساڵێکە گەورەترین کونسوڵخانەی جیهان لە هەولێر بە تێچووی 800 ملیۆن دۆلار کراوەتەوە، بەڵام بڕینی هاوکارییە سەربازییەکان نیشانەیەکە بۆ ئەوەی ترەمپ دەیەوێت بە تەواوی لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە.