شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق:
دوای دوو رۆژ بکوژی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرخ دەستگیرکرا
فەرهاد حەسەن
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند کە دوو رۆژ لەمەوبەر ئەفسەرێکی باڵا و کارمەندێکی ئەمنی لە بەغداد کوشتبوو.
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکرای کرد، دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و مەیدانی، توانرا ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکرێت کە هێرشی چەکداریی کردبووە سەر تیمی شارەوانی، تۆمەتبارەکە عەمید هشام محەمەد تەلاع، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمیندارییەتی کەرخ و کارمەندێکی تری ئەمنی کوشتبوو.
رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە لە ناوچەی “دۆرە” لە باشووری بەغداد روویدا، کاتێک عەمید هشام و تیمەکەی خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمی بوون بۆ تێکدانی زیادەڕۆییەکان لەسەر زەوییەکانی دەوڵەت، بەڵام لەلایەن تۆمەتبارەکەوە تەقەیان لێکرا.
دوێنێ هەینی، مەراسیمی سەرەخۆشیی عەمید هشام لە مزگەوتێکی ناوچەی عەلاوی بەڕێوەچوو. کەسوکاری ئەفسەرە کوژراوەکە داوایان لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە رێکاری یاسایی توند بەرانبەر تاوانبارەکە بگرێتە بەر و جەختیان کردەوە کە پێویستە چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت بۆ ئەوەی چیتر خوێنی ئەفسەر و کارمەندانی دەوڵەت لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیاندا نەڕژێت.