بۆ جەژن ئامادەکرا بوون

حەوت هەزار پارچەى تەقەمەنى دەستی بەسەردا گیرا

 964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لیژنەکانى قایمقامییەتى زاخۆ، دەستیان گرت بەسەر حەوت هەزار پارچە تەقەمەنى و یارى ئاگرین کە بۆ رۆژانى جەژن ئامادە کرابوو.

لە ماوەى دوو رۆژدا، لیژنەکان لەناو بازاڕى زاخۆ دەستیان بەسەر ئەو حەوت هەزار پارچە تەقەمەنییەدا گرتووە.

بارزان ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی چاودێری بازاڕ لە قایمقامییەتى زاخۆ بە 964 ـى وت،”ئەو تەقەمەنیانە بەنیاز بوون لە رۆژانى جەژندا ساغ بکرێنەوە، بەڵام ئێمە رێگریمان لێکردن چونکە دەبنە هۆى مەترسى و بێزاربوونى هاوڵاتیان و هەمووشیان لەناو دەبەین”.

بە وتەى بارزان ئیسماعیل، لیژنەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێرى بازاڕ و رێگە لە کڕین و فرۆشتنى هەر پارچە تەقەمەنى و یارییەکى ئاگرین دەگرن.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەى جەژن و بۆنەکان، بازاڕى تەقەمەنى و یارییە ئاگرینەکان زۆر دەبێت و لە رۆژانى جەژندا منداڵان و مێردمنداڵان یارى پێدەکەن و دەبنە هۆى بێزارى خەڵک.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح