ئاڵای ئێران و عێراق
یه‌كه‌مجاره عێراق به ئاشكرا ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات
وێرانكردنی ئاسایش و ئابووریی عێراق و هێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و دراوی ساخته
ئەرسەلان عەبدوڵا
راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عه‌بدولئه‌میر تعێبان، به ئاشكرا ئێران به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه كاری ترسناك به‌رامبه‌ر عێراق ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره له ئاستی حكومه‌تی عێراقدا به ئاشكرا ئێران تۆمه‌تبار بكرێت.
تعێبان له لێدوانی رۆژنامه‌وانیدا ئێواره‌ی چوارشه‌ممه وتی، ئێران ئاسایش و ئابووریی عێراقی وێران كردووه و مادده‌ی هۆشبه‌ریش داخلی عێراق ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها كه‌سانێك به شێوه‌ی نافه‌رمی داخلی عێراق ده‌كه‌ن و ئاڵۆزییان له سنووره‌كان دروست كردووه.
تعێبان رایگەیاند، کە “پێویستە تاران رێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتەبەر، کە یاری به ئاسایشی عێراق دەکەن”.
دووبارەبوونەوەی رفاندن
راوێژكاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژەی به‌وه كرد، جارێكی دیكه هاوڵاتیانی عێراقی له ناو ئێران رفێندراون، كاتێك له ده‌روازه سنوورییه‌كانی شەلامچە و شه‌یب چوونه‌ته ناو ئێران.
داواشی له عەلی زه‌یدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق كرد، رێوشوێنی نوێی کۆنتڕۆڵی ئەلیکترۆنی و سەردەمیانە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان کە عێراق و ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، جێبه‌جێ بكات.
ماددە هۆشبەرەکان و دراوی ساختە
عه‌بدولئه‌میر تعێبان روونیکردەوە، گەورەترین کێشەکانی عێراق لەگەڵ ئێراندایە، به‌ڵام هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئوردن، تورکیا و سعودیەدا نییه.
وتیشی، یەکێک لە کێشە هەرەبەرچاوەکانی عێراق له لایەن ئێرانەوە رووبەڕووی دەبێتەوە، “بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و دراوی ساخته”یه، کە زیانی زیاتر بە بازاڕ و ئابووریی عێراق دەگەیەنێت و ئه‌وه‌ی ئێران كردوویه‌تی، داعش تا ئێستا نەیکردووه.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عه‌لی زەیدی، لە دوای ده‌ستنیشانكردنی له پۆسته‌كه‌ی، هەوڵی پاراستنی پەیوەندیی هاوسەنگی نێوان بەغدا لەگه‌ڵ تاران له لایه‌ک و واشنتۆن لە لایەکی دیکە ده‌دات، هه‌روه‌ها بڕیاری داماڵینی چه‌كی له ده‌ست گرووپه چه‌كداره‌كان داوه، كه ئه‌و گرووپانه نزیكی ئێرانن، تا ئێستاش به‌شێك له گرووپه‌كان چاكیان راده‌ستی حكومه‌ت كردووه، به‌ڵام به‌شێكیان هێشتا ئاماده‌نین چه‌ک دابنێن.