ئامادەباشن

بەرگریى شارستانى دهۆک پێش لە ئاگرکەوتنەوە دەگرێت

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

بۆ مانگى رەمەزانی پیرۆز، بەرگرى شارستانیی دهۆک پلانێکى تۆکمەی داناوە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە بتوانێت بەر بە ئاگرکەوتنەوەکان بگرێت، بە تایبەت لەناو بازاڕدا.

لە ئەمڕۆ بەدواوە دوو تیم بە دوو ئۆتۆمبێلی بەرگری شارستانی بەردەوام لەنێو بازاردا دەبن بۆ کۆنترۆل کردنی هەر رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە.

بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ـى وت،”بازاڕى دهۆک وەک پێویست رێکنەخراوەتەوە و مەترسى هەیە و چەندین دوکان پابەندى رێنماییەکانى بەرگرى شارستانى نین، بەتایبەت لەڕووى پابەندبوون بە بوونى ئامێرى ئاگرکوژێنەوە لە ناو دووکانەکانیاندا”.

بە وتەى بێوار عەبدولعەزیز، زیاتر لە 1200 شوێن و دووکان پشکنینى بۆ کراوە و زۆربەیان رێنمایى بەرگرى شارستانیان نەبووە.

بەپێى رێکارە نوێیەکانى بەرگرى شارستانى دهۆک، لە هەر 100 مەترێکى ناوبازاڕى دهۆک خەرتوومێکى ئاگرکوژێنەوە دادەنرێت، ئەوەش بۆ ئەوەى لە هەر حاڵەتێکى ئاگرکەوتنەوەدا پاسەوان و خاوەن دوکانەکان بتوانن لە زوترین کاتدا کۆنتڕۆڵى بکەن.

لە ساڵى رابردوودا هەزار و 695 رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە دهۆک روویانداوە، بەهۆیەوە شەش کەس بە سووتان گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش بە خنکان گیانیان لەدەست دا، هەروەها هەشت کەسیش بە سووتان بریندار بوون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئەمساڵ زیاتر له‌ 1000 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ئاکرێ هەبو...

ئەمساڵ زیاتر له‌ 1000 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ئاکرێ هەبووە