لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە

هەرچی زیادەڕۆیی لە بازاڕی سورچیان هەیە لابران

توانا نەقی

بەم شەوە درەنگە شارەوانی هەولێر هەرچی زێدەڕۆیی هەیە لە بازاڕی شێخ مستەفا کە ناسراوە بە بازاڕی سورچی و کۆنە فرۆشان لایبردن.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بڵاویکردەوە، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی یەک ئەو هەموو زیادەڕۆۆییە لە بازاڕی کۆنەفرۆشان و سورچیان لابران و شۆستە و شەقامەکانیان بە تەواوی رێکخستووەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کارە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆی هاوڵاتیان و شوفێران و پاکڕاگرتنی بازاڕەکە کراوە.

بازاڕی شێخ مستەفا یان سورچیان یەکێکە لە بازاڕە هەرە دێرینەکانی هەولێر و بەوە ناسراوە کە جگە لە کاڵاو شمەکی نوێ دەیان دوکان و دەستگێڕی تێدایە کە کەلوپەلی کۆنە و دەستی دوو دەفرۆشن و نرخەکەشیان لەچاو بازاڕدا هەرزانترە.