"نابێت بێگانە دەستوەردان بکات"

 ئێران: مافى خۆمانە هاتوچۆى دەریایى لە گەرووی هورمز رێکبخەین

وریا فەتاح

میدیاى ئێرانى بە پشتبەستن بە هەڵوێستی فەرمی وڵاتەکەیان، جەخت لە سەروەریی تەواوەتی تاران دەکەنەوە بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا و دەڵێن، دەبێت کۆنترۆڵ و رێکخستنی هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا تەنها لە دەستی ئێراندا بێت.

میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویانکردووەتەوە، کە تاران سوورە لەسەر جێبەجێکردنی “میکانیزمی تایبەت بە خۆی” بۆ بەڕێوەبردنی گەرووى هورمز.

ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی پشتئەستوورە بە “ماددەی 5ـی لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ئەمریکا”، کە بەپێی لێکدانەوەی ئێران، ئەو ماددەیە دەسەڵاتی تەواو و بێهاوتا دەداتە تاران بۆ ئەوەی تاکە لایەن و مەرجەع بێت لە رێکخستنی هاتوچۆی دەریایی بەناو گەرووی هورمزدا

میدیاى ئێرانى لە زارى بەرپرسانى وڵاتەکەیانەوە جەخت دەکەنەوە، چونکە گەرووەکە موڵکی ئێران و عومانە وەکخۆیان دەڵێن، “هیچ لایەنێکی سێیەم بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کاروباری گەرووەکەدا بکات یان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بدات.”