بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین هۆشداری دروستبوونی قەیرانی ئاو دەدات

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ڕاپەڕین هۆشدارییەکی توند دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاووڵاتیان، و رایدەگەیەنێت کە پرۆسەی دابەشکردنی ئاو لە سنوورەکە گەیشتووەتە “بنبەست”، ئەمەش بەهۆی خانەنشینبوونی سەدان کارمەند و پڕنەکردنەوەی شوێنەکانیان.

لە روونکردنەوەیەکدا کە ئاراستەی رایگشتی کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی 250 فەرمانبەر و “میراو” خانەنشین بوون، هەروەها تەنها لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا 69 کارمەند و ئیشپێکەری ترومپای ئاو (کە 30 کەسیان تەنها لە شاری رانیە بوون) خانەنشین بوون، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێکی نوێ لە جێگەیان دابمەزرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەهۆی کەمیی ستافەوە، فشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر ئەو کارمەندانەی ماونەتەوە، بە جۆرێک هەندێک لە میراوەکان ناچارن لە شەو و رۆژێکدا 15 کاتژمێر کار بکەن. لە بەرامبەر ئەم ئەرکە قورسەشدا، مووچەی مانگانەی میراوەکان تەنها 350,000 دینارە، کە بە وتەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ قورسیی کارەکەیان یەکناگرێتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی کارمەندان بەدوای یەکەم دەرفەتدا بگەڕێن بۆ گواستنەوەی راژەکانیان یان خانەنشینبوون.

ئەم بۆشاییە گەورەیە وایکردووە لە هەندێک گەڕەک، هاووڵاتیان خۆیان ناچار ببن بە شێوەی خۆبەخش یان بە کۆکردنەوەی پارە کەسێک بەکرێ بگرن بۆ ئیشپێکردنی بیرەکان و دابەشکردنی ئاو.

لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا هاتووە، سەرباری ئەوەی چەندین جار بە نووسراوی فەرمی داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانی کردووە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام بە بیانووی راگیرانی دامەزراندن داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە. بۆیە هۆشداری دەدەن کە ئەگەر بەپەلە کەسانی نوێ بە گرێبەست یان هەر شێوازێکی دیکە دانەمەزرێن، پڕۆژەکانی ئاو لەم هاوینەدا پەکیان دەکەوێت و کێشەی گەورەی بێئاوی دروست دەبێت.